نوێترین زانیاری لەبارەی مووچە، شاند لە بەغدایە و هەرێم ناتوانێت 120 ملیار دابین بكات

0
94

عەلی حەمە سەعید-SNN

بەوتەی بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دارایی هەرێم، دوێنێ‌ دووشەممە وردبینیكردن لە لیستی مووچەی مانگی حەوت و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شەش، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە كۆتایی هاتووە، هاوكات لە ئێستاشدا شاندێكی هەرێمی كوردستان لە بەغدایە بۆ چارەسەركردنی پرسی بڕینی 120 ملیار دینارەكە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی هەرێم بە SNNدراون ئەوەخراوەتەڕوو، دوای ئەوەی لیستی مووچەی مانگی حەوت و میزان موراجەعەی مانگی شەش ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق كران، دوێنێ‌ پرۆسەی وربینیكردن لە لیست و میزان موراجەعە كۆتایی هاتووە و لیستەكە پەسەند كراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی هەموو مانگەكان دەبێتە گرفت لەبەردەم ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەوەیە كە بابەتی ناردنی 120 ملیار دینارەكەیە، بۆ ئەومەبەستەش حكومەتی هەرێم شاندێكی تەكنیكی ناردووەتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی ئەو 120 ملیار دینارەی كە بەغدا لە دوو مانگی ڕابردوودا وەك پشكی خۆی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بڕیبووی بۆ ئەومەبەستەش شاندەكە هەوڵ دەدات بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە پشكی بەغدا لەو داهاتە دیاری بكرێت چونكە هەرێم توانای دابینكردنی ئەو بڕە پارەیەی نییە.

بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، بەدڵنیاییەوە ناردنی پارەی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو، چونكە هێشتا دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق لەسەرەتادایە و تا ئەوان تەواو نەبن ناتواندرێت پاەی كاش بۆ مووچەی هەرێم دابینبكرێت.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this