یەکگرتنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە راگەیەندرا

0
1

SNN-

ئەمڕۆ دووشەممە، 21-9-2026، بە فەرمی و پاش ساڵانێک لە دابەشبوون، پرۆسەی یەکگرتنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە راگەیەندرا، بەم هەنگاوە، گەورەترین وەرچەرخانی سەربازی بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەیی یەکە حزبییەکان لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و قۆناغی بوونی هێزی چەکدار لە دەرەوەی یاسا کۆتایی پێ هات.

لە ڕێوڕەسمی راگەیاندنەکەدا، کە سەرۆکوەزیران، جێگری سەرۆکوەزیران، جێگرانی سەرۆکایەتیی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە ئامادە بوون، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم، دووپاتی کردەوە کە لەمەودوا هیچ پێشمەرگەیەک لە دەرەوەی چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و دەڤەرەکانی یەک و دوو نامێنێتەوە.

هاوکات، لە ڕێوڕەسمەکەدا نوێنەرانی هێزەکانی هاوپەیمانان و نوێنەری فەرمیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشدار بوون، ئەمەش وەک پشتگیرییەک بۆ بەدامەزراوەییبوونی هێزەکان و دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو کە بە چاودێریی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانان و بەغدا ئەنجام درا.

لە ڕووی پەیکەربەندیی سەربازییەوە، پێکهاتەی نوێی هێزەکانی پێشمەرگە بە فەرمی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە گوێرەی ڕێکارەکان، سەرجەم یەکە سەربازییەکان لە چوارچێوەی 11 فیرقە و دوو هێزی گەورەی پشتیوانیدا دابەش کراون. ئەمەش پاش ئەوە دێت کە لە 10ـی ئەیلوولدا وەزارەتی پێشمەرگە کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی هەنگاوە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی یەکخستنەوەی راگەیاندبوو.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this