هەڤاڵ ئەبوبەکر: باوەڕكردنی بەشێكی خەڵک بەوەی کۆرۆنا درۆیە ئەم كارەساتەی خوڵقاند

پاریزگاری سلێمانی
SNN-
پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت “بڕوا بە هیچ گومان و پڕوپاگەندەو شەڕێكی دەروونییو ئەجێندایەكی سیاسییو تێكەڵكردنی دۆزەكان مەكەن، لە ڕابردوودا باوەڕكردنی بەشێكتان بەوانە، ئەم كارەساتەی خوڵقاند و لە ڕاستیی مەترسییو بوونی کۆرۆنای كەمنەكردەوە”.
هەڤاڵ ئەبوبەکر لەبەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە 9ی حوزەیران باسی ئەوەی کردووە “دۆخی تەندروستیی جیهانو وڵاتەكەی ئێمەو پارێزگاكەیشمان، بە دۆخێكی مەترسیداری هەستیاری كارەساتباردا تێدەپەڕێت”.
دەشڵێت: “ئەم دۆخە وادەخوازێت ئیرادەی هاووڵاتیانو ئیدارەدانی دەوڵەت، ئەخلاق و قانون، بەرپرسیارێتی ویژدانییو كەسیو كۆمەڵایەتیو یاساییو دەوڵەتیی، هاووڵاتیانو حكومەتو دامەزراوە مەدەنییەكان، بەیەكەوە لەسەر ئەم سێ تەوەرە، جیاكارییانەو تەواوكارییانە كاربكەین:
یەكەم: فەرمانگاو دامودەزگاكانی دەوڵەت، پێویستە بڕیارو ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستییو كارگێڕییو ئارامییەكان بەوردییو بەتوندییو بەخێراییو بەبێ چاوپۆشییو كەمتەرخەمییو بۆڵبژێرییو جیاكاریی بە بەرپرسیارانەو دادپەروەرانەو یاساییانە، جێبەجێ بكەن.
وەك لە بەیانو بڕیارەكانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دیاریمان كردووە، ئەركی هەر فەرمانگاو دامودەزگایەكی دەوڵەتییە ڕێكارو ڕێنمایی ورد لەسەر بنەمای ڕێنماییە خۆپارێزییە تەندروستییەكان دەربكاتو هەر سێكتەرو شوێنو كەسێكی تایبەت بەو سێكتەرەی خۆیان ئاگادار بكەنەوە بە پەیڕەوكردنو پابەندبوونیان بە ڕێنماییەكانەوە، بەپێچەوانەوە لەلایەن ئەو فەرمانگاو دامودەزگا دەوڵەتییە پەیوەندیدارەوە بە هەماهەنگیی یەكە كارگێڕییەكانی سنورەكەوە ڕێكاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتەبەرو سێكتەرو شوێنەكەیان دادەخرێتو لە مێدیاكان بڵاودەكرێتەوە.
پێویستە بەر لە هەر شوێنێكو كەسێك، فەرمانگە و دامودەزگاكانی دەوڵەت پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بنو هەر سەرپێچیی و سەركەشییو بەكەمگرتنێك، بەڕێوەبەرو بەرپرسی ئەو فەرمانگایە ڕووبەڕووی ڕێكاری یاساییو كارگێڕیی توند دەكاتەوە.
دووەم: هاووڵاتیانو هەموو ئەو كایانەی لە پێشەكی ئەم نووسراوەدا ڕوومان لێناون، پێویستە هەموولایەك، یەك بەیەكیان پابەندیی تەواوی ڕێنماییە تەندروستیو خۆپارێزییەكان بنو ئاستی خۆپارێزیی خۆیان بەرزبكەنەوەو لە هەر بەریەككەوتنو تێكەڵاوبوونو كۆڕو كۆبوونەوەو قەرەباڵغییەك، لە هەر بۆنەیەكی شادییو شاییو شینو نەخۆشییو خۆشییو ناخۆشییو ئایینیو كۆمەڵایەتی؛ خۆیان بەدوور بگرن، لە هەوڵی بەردەوامیی خۆپاراستنی تەواودا بنو هانی دەوروبەرەكەشیان بدەن بۆ خۆپارێزیی زیاتر.
سێیەم: خۆپارێزییو سزای كۆمەڵایەتیی و یاسایی هاوبەشن، لێرەدا پێویستە هاووڵاتیانی بەڕێز چاودێری وردی دۆخی تەندروستیو خۆپارێزیی گشتییو كۆمەڵایەتیی بكەن، بەومەبەستەی لە هەر شوێنو بازاڕو كۆمپانیاو كایەیەكی گشتیو تایبەتیدا، ئەگەر بینییان خاوەن و كارمەندی شوێنەكان، پابەندی ڕێنماییەكان نابن، سەرزەنشتیان بكەنو كەلوپەلیان لێ نەكڕن و دابڕیان بكەن تا ئەوكاتەی پابەند دەبنو، لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەوڵەتیان لێ ئاگاداربكەنەوە بۆئەوەی ئەو شوێنانە بەفەرمیی دابخەن.
لەکۆتایی بەیاننامەکەدا پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: “بڕوا بە هیچ گومان و پڕوپاگەندە و شەڕێكی دەروونییو ئەجێندایەكی سیاسییو تێكەڵكردنی دۆزەكان، مەكەن، لە ڕابردوودا باوەڕكردنی بەشێكتان بەوانە، ئەم كارەساتەی خوڵقاندو، لە ڕاستیی مەترسییو بوونی ڤایرۆسەكەی كەمنەكردەوە، لە ئێستادا ئەو كەسو لایەنانە كە ڕاكانیان بە درۆ گەڕاون، بۆ ڕاستكردنەوەی باری لاری خۆیان گومان لەسەر ئەرك و چالاكییو خزمەتو خۆنەویستییو خۆبەخشییو دڵسۆزیی دامودەزگاكانو كەرتی تەندروستیی دروست دەكەن، مەهێڵن متمانەتان بكەوێتە چاڵەكانی گومانەوە، بە ئیرادەو هیممەتی هەموولایەكو بە گیانێكی بەرپرسیارانەی بەرزەوە؛ دامودەزگا دەوڵەتییەكان وەك ئەركێكی مرۆییانەو ئەخلاقییانەو ئاینییانەو نیشتمانییانەی خۆیان، (بەر لە ئەركە دەوڵەتییو فەرمییو كارگێڕییەكانیان)، ئەرکەکانیان جێبەجێ دەكەن.
More News
-
بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئایەتوڵڵا فەییاز هێمای میانڕەوی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بوو
3 hours لهمهوپێش -
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
8 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
8 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
In Case You Missed
-
بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئایەتوڵڵا فەییاز هێمای میانڕەوی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بوو
3 hours لهمهوپێش -
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
8 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
8 hours لهمهوپێش


