“پێویسته‌ هه‌رێم و به‌غدا به‌ هاوبه‌شى ئیداره‌ى خاڵه‌ سنوورییه‌كان بده‌ن”

0
1110
لۆگۆى حكومه‌تى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێم | فۆتۆ: SNN

 SNN- مەودا مستەفا
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیه‌نێت: ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری هەولێر تەواو یاسایی و دەستورییە، ده‌شڵێت: “پێویسته‌ هه‌رێم و به‌غدا به‌ هاوبه‌شى ئیداره‌ى خاڵه‌ سنوورییه‌كان بكه‌ن”.

بەهار مه‌حمود، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە SNNی راگەیاند :”هاتنی مسته‌فا كازمى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق بۆ هه‌ولێر و ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران لە شاری هەولێر هیچ كێشیەكی یاسایی و دەستووری نییە، چونكە تاوەكو ئێستا هەرێمی كوردستان و هەولێریش بەشێكن لە عێراق، بۆیە ئەنجامدانی كۆبوونەوە نەك لە هەولێر، بەڵكو لە هەر شارێكی تری هەرێمی كوردستان یاسایی و دەستوورییە” .

لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی خاڵە سنووریيەكان له‌لایه‌ن سوپاى عێراقه‌وه‌، ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ئاماژەی بەوە كرد: “ناكرێت حكومەتی عێراق بە تەنیا ئیدارەی خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵكو دەبێت بە هاوبەشی هەرێم و بەغداد ئیدارەی خاڵە سنوورییەكان بده‌ن”.

پێشتر فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاندبوو: “لەسەر راسپاردەی مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی سەرجەم دەروازە سنوورییەكان و پاراستنی گومرگەكان و جێبەجێكردنی ئاسایش و یاسا تێیاندا، پلانێكی گشتگیر و بەهێزمان داناوە و سەرجەمییان كۆنترۆڵ دەكەینەوە”.

هێزە ئەمنییەكانی سوپای عێراق لە بەرەبەیانی 11ی تەمموزەوە، قۆناغێكى ترى ئۆپراسیۆنی (پاڵەوانانی عیراق)یان لە چەند ناوچەیەكی جێناكۆك دەستپێكردووە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this