لە یادی جینۆسایدی كوردانی ئێزدیدا مەكتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە

لۆگۆى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان | فۆتۆ: SNN
SNN-
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایدەگەیەنێت ئێزدییەكان بەهۆی بنەچەی ئاینی و نەتەوەییانەوە، لە مێژووی دوور و نزیكی ئەم رۆژھەڵاتەماندا، دەیان جار رووبەڕووی فەرمانی پاكتاو و جینۆساید و دەربەدەری بوونەتەوە”.
ئاماژە بەوەشدەکات “لەپشت هەریەك لەو تاوانانەوە، عەقڵیەتێكی دواكەوتووی ڕەگەزپەرستانە هەبووە، بەڵام كۆمەڵگەی ژیاندۆستی ئێزدی بە خۆراگری و ئیرادەی بەهێزەوە توانیویانە سەربەرزانە بمێننەوە”
بەبۆنەی ساڵڕۆژی قەتڵوعامی ئێزدییانەوە مەكتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
لە (3)ی ئابی ساڵی (2014) و رۆژانی دواتر، تیرۆرستانی رێکخراوی نەفرەت لێکراوی داعش، بەشێوەیەكی دڕندانە پەلاماری خەڵکی شەنگالیان دا و تاوانی گەورەی قەتڵوعامیان دژی کۆمەڵگەی دێرین و رەسەنی ئێزدی بەرپا کرد.
لەو تاوانە دژە نەتەوەیی و نیشتمانی و ئینسانییەدا كە بەپێی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، دەچێتە خانەی تاوانی جینۆسایدەوە، هەزاران هاووڵاتی مەدەنی كۆمەڵكوژ و بە هەزارانی تریش بێسەروشوێن كران، بە شێوەی تاوانی رێكخراوەیی، ھۆڤانە و دڕندانەی كۆنینە و نوێ، ژنان و پیاوانی ئێزدی لێكجیاكرانەوە، بە بەرچاوی كۆمەڵگەی مۆدێرنی مرۆڤایەتی لە سەدەی بیستویەكدا، بازاڕی كۆیلایەتی و شەرمەزاری فرۆشتن و بازرگانی جەستەیان پێ زیندووكرایەوە.
ژنانی سەربەرز و رووسوری ئێزدیش سەر قافڵەی زیانلێكەوتووانی ئەو تاوانە بوون.
ئێزدییەكان بەهۆی بنەچەی ئاینی و نەتەوەییانەوە، لە مێژووی دوور و نزیكی ئەم رۆژھەڵاتەماندا، دەیان جار رووبەڕووی فەرمانی پاكتاو و جینۆساید و دەربەدەری بوونەتەوە، لەپشت هەریەك لەو تاوانانەوە، عەقڵیەتێكی دواكەوتووی ڕەگەزپەرستانە هەبووە، بەڵام كۆمەڵگەی ژیاندۆستی ئێزدی بە خۆراگری و ئیرادەی بەهێزەوە توانیویانە سەربەرزانە بمێننەوە.
بۆ ئێستاش پێویستییەكی كوردستانی و عێراقی و ئینسانییە كار و كۆششیان بۆ بكرێ تا بەسەر ئاسەواری دوا تاوانی دژیان سەر بكەون و ژیان و بوژاندنەوە و ئاوەدانی دەڤەرەكەیان ببێتە ئەجیندای پەرۆشیی داھاتوومان.
لەیادی تێپەڕبوونی (6) ساڵ بەسەر ئەمتاوانەدا جارێكی تر ئیدانەی ئەم كۆمەڵكوژییە و ئەم لەكە پڕ شەرمەزارییەی داعش و رەفتار داعشییەكان دەكەینەوە، سەری رێز لە ئاستی گڵكۆی هەموو شەهیدان و قوربانییەكان دادەنەوێنین و سڵاوی خۆڕاگری بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەنێرین .
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی ئێزدی…
لەكاتێكدا یادی جینۆسایدی ئێزدییەكان دەكەینەوە، ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە كە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشە، لەلایەن ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەیارمەتی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانانەوە رووبەرووی شكستی گەورە بوونەتەوە، بەڵام هێشتا بەشێكی زۆری تاوانبارانی ئەم كەیسە دەستگیرنەكراون و رووبەرووی یاسا نەكراونەتەوەو تاوانەكەیش وەك كەیسی جینۆساید لە ئاستی ناوخۆی عێراق و نێودەوڵەتیدا، كاری جددی لەسەر نەكراوە، هێشتا ئەو عەقلیەتەی هاندەری تاوانی لەم شێوەیەیە ، وەكو خۆیەتی و ڕەنگە لەبەرگی تردا خۆی مەڵاس دابێت و بخوازێت فەزای ژیان و ئایندەی كۆمەڵگەی فرەیی و رەنگینی كوردستان و عێراق و ناوچەكە ئالودە بكەنەوە، بۆیە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەختدەكەینەوە، كە پێویستە لە ھەرێمی كوردستان، لە ئاستی پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوە پەیوەندارەكانی تر، لە ئاستی حیزب و لایەنە سیاسییەكان و نوێنەرانی فراكسێۆنەكانی كوردستان لە بەغدا، كەیسی جینۆسادی ئێزدییەكان، بكرێتە خەمێكی ئینسانی و نیشتمانی و نەتەوەیی و هەوڵی بێوچان بدرێت، لەبەر رۆشنایی یاسا و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەت لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەڕەسمی وەك تاوانی جینۆساید و دژی مرۆیی و جەنگ بناسرێن، ئەنجامدەرانی تاوانەكەش رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە، قەرەبووی كەسوكاری قوربانییەكان و زیانلێكەوتووان بكرێتەوە.
ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی و مرۆیی، لایەن و دامەزراوە پەیوەندارەكانیشە، بێ درێغ هەوڵبدەن سۆراغی بێسەروشوێنكراوەكان بكەن و چارەنووسیان یەكلایی بكەنەوە، گۆڕە بەكۆمەڵەكان هەڵبدرێنەوە و بەڵگەنامەكان بپارێزرێن، ناوچە زیانلێكەوتووەكانیش ئاوەدان بكرێنەوە و گوزەرانی خەڵكەكەی باش بكرێت.
لەم بیرەوەرییە تاڵەدا ، سڵاو لە گڵكۆی شەهیدانی جینۆسایدی ئێزدییەكان و هەموو شەهیدانی كوردستان…
نەفرەت لە تاوانكاران و تیرۆریستان…
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
More News
-
بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئایەتوڵڵا فەییاز هێمای میانڕەوی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بوو
4 hours لهمهوپێش -
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
9 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
9 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
In Case You Missed
-
بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئایەتوڵڵا فەییاز هێمای میانڕەوی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بوو
4 hours لهمهوپێش -
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
9 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
9 hours لهمهوپێش


