نەناردنی 320 ملیارەكە پلانی وەزارەتی دارایی بۆ دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان هەڵوەشاندەوە

0
2591

SNN-عەلی حەمە سەعید

هەرچەندە وابڕیار بوو كە بە ناردنی 320 ملیار دینارەكەی بەغدا لە هەرێمی كوردستانیش دابەشكردنی مووچە دەستپێبكات، بەڵام بە وتەی بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی بە هۆی نەناردنی 320 ملیار دینارەكەی بەغدا ئەو پلانەی كە بۆ دابەشكردنی مووچە داماننابوو هەڵوەشایەوە و پێدەچێت لێبڕینی زیاتریش جێبەجێ‌ بكەین.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە بەرپرسێكی باڵای سەر بە وەزارەتی دارایی بە SNN دراون ئەوە خراوەتەڕوو “لە ماوەی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم دەستی بەكۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوت كردووە، بەڵام بەهۆی شكانی بۆری نەوتی هەرێم لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داهاتی نەوتیش بە ڕێژەی لە %20 بە بەراورد بە داهاتی مانگی ڕابردوو كەمیكردووە، بۆیە ئەو پلانەی كە مانان نابوو وابڕیار بوو كە بەناردنی 320 ملیار دینارەكەی بەغدا لە دوای 20ی ئەم مانگەوە دەست بكەین بە دابەشكردنی مووچە بە لێبڕینی لە%18”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “لە ئێستادا ئەو پلانە هەڵوەشاوەتەوە و بەرچاو ڕونییەكی ئەوتۆمان لەبەردەستدا نییە كەی و بە چ شێوازێك دەست بە دابەشكردنی مووچە بكەین، هاوكات وەزیری داراییش لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی سەرۆكی حكومەتە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم ئەنجامبدەن و شاندێك ڕەوانەی بەغدا بكەین بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان، بۆیە تا ئەو كاتە نازانین دۆخەكە بە چ ئاراستیەك هەنگاو دەنێت”.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، بە دڵنیاییەوە دابەشكرنی مووچەی ئەم مانگە زیاتر دوادەكەوێت كە پێدەچێت لە كۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو بڕیار لەسەر دابەشكردنی مووچە بدرێت بەو داهاتەی كە كۆكراوەتەوە و لە بەردەستدایە كە بە دڵنیاییەوە بەشی مووچەی تەواوەتی ناكات، چونكە بۆ دابەشكردنی مووچە پێویستمان بە 890 ملیار دینار هەیە و تا ئێستا نزیكەی 400 ملیار دینار كۆكراوەتەوە بۆیە لێبرینی مووچەش زیاد دەكات لەوانەیە بگاتە سەروو لە %20.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this