لە سلێمانی 33 بنکە بۆ کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا دیاریکراوە

0
994

SNN
نوێنەرى رێکخراوى تەندروستى جیهانى رایدەگەنێت “ئەو کەسانەى کە تووشى کۆرۆنا بوون پاش 3بۆ 6 مانگ لە چاکبوونەوەیان دەتوانن ڤاکسینى دژ بە کۆرۆنا بەکاربهێنن، لە سلێمانیش 33 بنکە بۆ کوتان دیاریکراوە”.

د.نەجمەدین حەسەن، نوێنەرى رێکخراوى تەندروستى جیهانى بە SNNى راگەیاند: “ئەو ڤاکسینەى گەیشتۆتە عێراق بڕەکەى پێنج هەزار دانەیە و وڵاتى چین وەکو دیارى ناردویەتى بۆ عێراق و بۆ ئەوەى ئەو هاووڵاتیە چینیانەى کە لە عێراق دەژین بەو ڤاکسینە بکوترێن و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بڕە کراوە بە دیارى بۆ عێراق و پشکى هەرێمى کوردستانیش لەو بڕە ڤاکسینەدا هەیە و لە شارى سلێمانیش 33 بنکە دیار کراوە بۆ کوتان بەو ڤاکسینە”.

وتیشى: “جگە لەو ڤاکسینە چینیە عێراق بڕێکى زۆر ڤاکسینى لە کۆمپانیاى (فایزەر) کڕیوە لەو بڕەش بێگومان پشکى هەرێمى کوردستانى تێدا دەبێت، دیارە لەگەڵ گەشتنیدا بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت و لە شارى سلێمانیش ئاماددەکارى کراوە، بۆ ئەو مەبەستەش 5 نەخۆشخانە ئامادەکراوە تاوەکو ئەو کەسانەى کە بەو ڤاکسینە دەکوترێت لە ژێر چاودێرى دکتۆر و تیمى پزیشکیدا بن و دەبێت ئەو ڤاکسینەش لە نێو ساردکەرەوەى تایبەتدا بێت”.

هاوکات لە بارەى رەوشى ئێستا شارى سلێمانى لە ڕووى کۆرۆناوە وتى: “لە شارى سلێمانی و لە سەرەتاى هاتنى ڤایرۆسەکە بە هۆى پابەندى هاووڵاتیانەوە ژمارەى تووشبوون زۆر کەم بوو بەڵام بەهۆى خراپى دۆخى ئابوورى هاووڵاتیانەوە و شکاندنى کەرەنتینە و تێکەڵبوونى زۆر، سلێمانى بووبە چەقى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، دیارە بەڕێوبەرایەتى تەندروستى لە ئامارەکاندا هەمیشە شەفاف بووە و هیچ شتێکى بە شاراوەى نەدەهێشتەوە، لە ئێستاشدا دۆخى کۆرۆنا باشە و چاودێرى قوتابخانەکان دەکەین و پێویستە هاووڵاتیان هێشتا بەردەوام بن لە خۆپارێزى چونکە تاوەکو ئێستا باشترین پێکووتە بەستنى ماسکە”.
د.نەجمەدین حەسەن روونیشیکردەوە: “لە بەشێک لە شارەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق کۆرۆناى گۆڕاو بە خێراى بڵاو دەبێتەوە بۆیە هاتنى ئەو گەشتیارانە بۆ هەرێمى کوردستان کاریگەرى نەرێنى دەبێت”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this