بلینکن: دڵنیانین لە خواستی ئێران بۆ پابەندبوونەوەی بە رێککەوتنی ئەتۆمی

0
1018

SNN

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: “تائێستا هیچ ئاماژەیەکمان بەدینەکردوە لەبارەی خواستی ئێران بۆ پابەندبوونەوەی بە رێککەوتنی ئەتۆمی”.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ABC وتی: “ئێران دەزانێت کە بۆ گەڕانەوەی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی پێویستی چ هەنگاوێک بنێت، بەڵام هێشتا دڵنیا نەبووینەوە کە تاران بۆ ئەوە  ئامادەیە و دەیەوێت بڕیاری لەبارەوە بدات یان نا”.

وتیشی: “ئێران لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە و تائێستا هیچ ئاماژەیەکمان لەوە بارەوە بەدینەکردوە”.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەشکرد: ” دانوستانەکانی ئەم دوواییەی ڤییەننا دەرفەتێکی باش بوون بۆ ئەوەی واشنتۆن و تاران بەرچاوڕوونی تەواویان پێبدرێت لە بارەی هەنگاوەکانی داهاتوویان”.

ساڵی 2015 ئێران و وڵاتانی کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک کە لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا پێکهاتبوون رێککەوتن لەسەر ئەوەی لەبەرامبەر سنوردارکردنی چالاکیە ئەتۆمیەکانی تاران، بەشێک لە سزا نێودەوڵەتیەکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵبگیرێن.

ساڵی 2018 دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی راگەیاند و سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، بەڵام دوای هاتنەسەرکاری جۆ بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا، ئەو وڵاتە خواستی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی نیشاندا.

لە بەرامبەر کشانەوەی ئەمریکا و گەڕانەوەی سزاکان، ئێرانیش پابەندبوونەکانی بە رێککەوتنی ئەتۆمی هەڵپەساردبوو، بە تایبەتی کە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە رێژەی رێگەپێدراوی 3.7٪ەوە بۆ سەرووی 20٪ بەرزکردبوە و لەمساڵیشدا رێژەکەی گەیاندوەتە 60٪.

لەپێناو بەگەڕخستنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی 2015دا ماوەی نزیکەی دوو مانگە دانوستانی چڕ لە نێوان نوێنەرانی ئێران و نوێنەرانی وڵاتانی روسیا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و ئەمریکاش ناراستەوخۆ بەشدارە لەو دانوستانانەدا.

ئەمریکا پابەندبوونی ئێران بە رێککەوتنەکە کردوەتە مەرجی هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئەو وڵاتە، تارانیش داوا دەکات سەرەتا واشنتۆن سزاکانی هەڵبگرێت، بۆ ئەوەی بەتەواوەتی پابەندبوونەکانیان جێبەجێ بکەن.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this