زانیارییەک دزە دەکات لەسەر کۆبوونەوە نهێنییەکەی کازمی و سەرۆکی هەواڵگری پاسدارانی ئێران

0
1628

SNN

سەرچاوەیەکی نزیک لە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: دوێنی بە نهێنی کازمی و حسێن تائب سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێران کۆبوونەوەتەوە بەبێ هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی یاخود بڵاوکردنەوەی زانیاری.

سەرچاوەکە کە زانیارییەکانی بە سایتی “روسیا الیوم” وتووە ئاماژەی بەوەکردووە کە حسێن تائب، و شاندێکی یاوەری درەنگانی شەوی رابردوو گەیشتوونەتە ئۆفیسی مستەفا کازمی دوور لە چاوی هەموو راگەیاندنەکان، تێیدا کازمی باسی رۆڵی خراپی چەکدارانی نزیک لە ئێرانی کردووە کاتێک هێرش دەکەنە سەر نێردەی وڵاتانی ئەوروپا و جیهان.

کازمی بە تائب-ی وتووە” ئەو هێرشە بەردەوامانەی کە چەکدارانی نزیک لە ئێران دەیکەنە سەر ئەمریکا، رێرەوی گفتووگۆ ئاشتییانەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران تێکدەدات و وادەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانیش لە عێراق درێژتر دەکاتەوە، پێشی راگەیەندووە کە چەکدارانی هاوسۆز بۆ ئێران ئاگاداربکاتەوە کە ئەم کارەی ئەنجامی دەدات تیرۆرە نەک بەرگری لە خاک وەک چەکدارەکان ئاماژەی پێدەکەن”.

لە بەرامبەردا ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد کە تائب بە کازمی وتووە” ئەو هێرشانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێتە سەر هاوپەیمانان، هیچ پەیوەندی بە هێزەکەی منەوە نییە کە سوپای پاسدارانە، بۆیە من بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانە هەڵناگرم”.

تائب ئەوەشی بۆ کازمی روونکردووەتەوە کە ئێران بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی نییە لەنێو خاکی عێراقدا، چونکە گرژی و ناکۆکی نێو خاکی عێراق هۆکاری دواکەوتنی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this