ئەندامێکی لیژنەی دارایی: ناوەڕاستی ئەم مانگە رەشنووسی بودجە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین

0
545

SNN-عەلی حەمە سەعید

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: “ئەگەر حکومەتی فیدراڵی مەبەستی بێت، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نابێتەهۆی دواخستنی جێبەجێکردنی یاسای بودجە”.

پێچەوانەی ئەو كەسانەی كە دەڵێن بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانەكانەوە پێناچێت ساڵی داهاتوو عێراق پرۆژەیاسای بودجەی هەبێت، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە كار لەسەر ئامادەكرنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022 دەكرێت و دەبێت لە 15/8/2021 ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت، ئەگەر حكومەت بیەوێت بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان نابێتە هۆی نەبوونی بودجە.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: بە گوێرەی ئەو بەدواداچوونانەی من كردوومە و زانیاریم وەرگرتووە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە 15/5/2021 ەوە سەرقاڵی ئامادەكردنی ڕەشنوسی یاسای بودجەی ساڵی 2022 بەردەوامیشن لە كارەكانیان و خەریكن بەرەو كۆتایی ڕەشنوسی پرۆژەیاساكە دەچن بۆ ئەوەی ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەگوێرەی ئەو پلانەی كە دانراوە وابڕیارە لە 15ی ئەم مانگە ڕەشنوسی پرۆژەیاساكە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت، بۆیە ئەگەر حكومەت بیەوێت ئەم پرۆژەیاسایە ڕەوانەی پەرلەمان بكات ئەوا دەتوانێت لە وادەی خۆیدا ئەو كارە بكات و هەڵبژاردنەكانیش نابنە ڕێگر لەبەردەم ئەوكارە، بەڵام ئەگەر حكومەت بیەوێت ئەو بابەتە بە سیاسی بكات، ئەوا ناینێرێتە پەرلەمان ئەو كات گرفت بۆ پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2022 دروست دەبێت.

وتەكانی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كاتێكدایە كە ئەحمەد سەفار بریاردەری لیژنەی دارایی ئەوەی ڕاگەیاندووە كە ئەگەر هەڵبژاردنەكانی عێراق لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت ئەوا حكومەتی ئێستا دەبێت كاربەرێكەر و بەوهۆیەشەوە ناتوانێت پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2022 پەسەند بكات.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this