بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی: پێدەچێت نرخی بەنزین زیاتر بەرزبێتەوە

0
881

SNN-عەلی حەمە سەعید
لەگەڵ ئەوەی هاووڵاتیان و شۆفێران لە چاوەڕوانی ئەوەدابوون كە نرخی بەنزین ڕوو لەدابەزین بكات، بەڵام جارێكی دیكە نرخەکەی بەرزبوویەوە و بە وتەی لایەنە پەیوەندیدارەكانیش هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین پەیوەندی بە لایەنی ئێرانییەوە هەیە كە لە ئێستادا لەبری ئەوەی بەنزین بە هەرێم بفرۆشێت بە نرخێكی زیاتر دەیفرۆشێتە ئەفغانستان و لوبنان.

محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە بەڵكوو پەیوەندی بەلایەنی ئێرانییەوە هەیە چونكە بەهۆی كەمكردنەوەی ئەو بڕە بەنزینەی لە ئێرانەوە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت نرخی هەر لیترێت بەنزین لە سلێمانی 25 دینار زیادی كردووە، بەڵام بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت و پارێزگاری سلێمانی لەهەوڵی چارەسەركردنی كێشەكەدان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی لە كێشەكە ئاگادار كراوەتەوە بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی كەمدا ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت و بڕی پێویستی بەنزین لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێت و نرخی بەنزین لەوەزیاتر بەرز نەبێتەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چاودێری بازرگانی سلێمانی بە SNNدراون ئەوە خراوەتەڕوو، ئێران خەریكە بەتەواوی بڕی ئەو بەنزینەی كە پێشتر بۆ هەرێمی كوردستانی دەنارد كۆتایی پێبهێنێت، بە جۆرێك پێشتر زیاد لە 100 تانكەر بەنزین لە ئێرانەوە هاوردە دەكرا، بەڵام دوێنێ‌ تەنها 10 تانكەر بەنزین هاوردە كراوە ئەوەش بڕێكی زۆر كەمە و بەشێكی زۆری بەنزینخانەكان بەنزینیان بەرنەكەوتووە.

ئاماژەی بەوەشكرد: لە ئێستادا ئێران بازاڕێكی دیكەی دۆزیوەتەوە بۆ ساغكردنەوەی بەنزینەكەی بە نرخێكی زیاتر كە بریتیە لە ئەفغانستان و لوبنان، ئەوەش وایكردووە كە نرخی بەنزین زیاتر بەرز ببێتەوە پێشبینی زیاتری بەرزبوونەوەی نرخەكەشی دەكەین.

وتەكانی ئەو بەرپرسە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ نرخی بەنزین بۆ هەر لیترێك 25 دیناری چووەتە سەرو نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ بە 800 دینار و موحەسەن بە 850 دینار و بەنزینی سوپەر بە 925 دینار دەفرۆشرێت.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this