وەڵامێک بۆ شادمان مەلا حەسەن

0
2332

SNN

لەکاتێکدا کە گەندەڵکاری و کاری نایاسایی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی هاووڵاتیانی تا لێواری نائومێدی بردبوو، یەکێتی بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی، لە ٨ی تەمووز قۆڵی هەڵماڵی بۆ چاکسازییەک کە هەموو جومگەکانی حزب و دام و دەزگاکانی حکومەت بگرێتەوە.

چاکسازییەکان بۆهەندێک کەس و لایەن لەناو حزبەکەدا ڕەنگە شتێکی قبوڵکراو نەبێت، چونکە کاتێک چاکسازی و ڕێکخستنەوەی شتەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیان و بۆچوونی کەسێک دادەنێت واتە ئەو کەسە لە پاشاگەردانی و بۆشایی و بێ یاساییدا گەشەی کردووە.

ئێستا کە چاکسازییەکان لە هەموو بوارەکانی حزب و ژیانی خەڵک دەستیپێکردووە، ڕەنگە کەسانێک هەبن بۆ پارێزگاری لە خۆیان چاکسازیەکان و گۆڕانکارییە پێویستەکان بە حاڵەتێکی سادە ناوبهێنن، بۆ نموونە کەسێک وەک شادمانی مەلا حەسەن، لە چاوپێکەوتنێکدا کاتێک پرسیاری ئەوەی لێدەکرێت بۆ پێشتر پرسی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی بابەتەکان نەکراوە، بە سادەییەوە دەڵێت، “کەس ئەم بابەتەی نەهێنایە پێشەوە” کە ڕەنگە ئەم ڕستەیە بێباکترین ڕستەی سیاسییەک بێت بەرامبەر بە ژیانی خەڵکی و ئەو ئەرکە سیاسییەی پێی سپێردراوە.

لە چاوپێکەوتنەکەدا (شادمان مەلا حەسەن) دەڵێت “شتێک نییە بەناوی ڕێبازی مام جەلال” ڕەنگە خودی ئەم قسەیە بەسبێت بۆئەوەی تێبگەین ئەم کەسە لە بناغەوە بڕوای بە کۆی ئەو رێبازە نەبووە کە مام جەلال، یەکێتی نیشتمانی کوردستانی لەسەر بونیادناوە و واتە بڕوای بە خودی حزبەکەش کە یەکێتیە نەبووە، چونکە هەر ئەو ڕێبازەی مام جەلالە کە دواتر چەندین سەرکردەی دڵسۆز و گەنجی پێگەیاند، کە یەکێتی ناو یەکێتیان پێ ڕاگرت.
ئەمڕۆ چاکسازییەکان کورسی ئەو کەسانەی هێناوەتە لەرزین کە لەماوەی رابردوودا بەجۆرێک لە جۆرەکان لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون یاخود پشتیوانی بەناو رابەرێکیان کردووە کە خۆی و کەسانی نزیکی، لەپشت بەشێکی زۆر لە کارە نایاساییەکانی سنوورەکەوەبوون، ئێستاش هەر ئەو کەسانەن کە لە میدیاکان و بەشێک لە تۆرەکۆمەڵایەتییەکانەوە ناڕەزایی بەرامبەر ئەو گۆڕانکارییانە دەردەبڕن کە وەک دەوترێت یەکێتی هێناوەتەسەر راستەڕێی خۆی.

لەگەڵ بەردەوامی چاکسازییەکان و ڕێکخستنەوەی بازاڕ و کاری سەرمایەدارەکان و کاری ئاسایی سەر سنورەکان، ڕەنگە کەسانێک ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ناڕەزایەتی و نیگەرانی لەم هەنگاوانە دەرببڕن و بە مەترسی بۆسەر ژیانی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان بزانن، چونکە ئەوە هاوکێشەیەکی ڕاستەوانەیە، چەند چاکسازی بەردەوامبێت هێندەش تەنگ بەو کەسانە هەڵدەچنرێت کە لە بۆشایی نەبوونی دیسپلنێک لەناو حزبدا کاریان کردووە و هێندەی دیکە خەڵکیان لە حزب تۆراندووە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this