لە سلێمانی نزیكەی لە %80ی هاووڵاتیان كارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە

0
972

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات لە ئێستادا دوو وەجبەی نوێ‌ كارتی دەنگدانی هاووڵاتیانمان بۆ هاتووەتەوە كە پێشتر ناوی خۆیان تۆماركردووە لە بنكەكانی كۆمیسیۆن و تا پێش هەڵبژاردنەكانیش پێدانەوەی كارتی دەنگدان بەردەوامی دەبێت، تائێستا نزیكەی لە %80ی هاووڵاتیان كارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە دوو هەزار كارتی دەنگدانی هاووڵاتیانی سلێمانیش بە هەڵە چاپكراون.

ئامانج عەزیز، بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو كەسانەی كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو مافی دەنگدانیان نەبووە و بەڵام بۆ ئەم دەنگدانە تەمەنی یاساییان تێپەڕاندووە و خۆیان لە بنكەكانی دەنگدان تۆماركردووە لە ئێستادا كارتی دەنگدانەكانیان گەڕاوەتەوە پێدانەوەی كارتی دەنگدان بە هاووڵاتیان تا ڕۆژی پێش هەڵبژاردن بەردەوامی دەبێت و ڕۆژانە بەهەزاران كارت دەدرێتەوە بە هاووڵاتیان.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر زیاد لە %83ی هاووڵاتیان كارتی دەنگدانیان وەرگرتبوویەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی دوو وەجبە كارتی دیكەمان بۆ گەڕاوەتەوە لە ئێستادا دەتوانین بڵێن نزیكەی لە %80ی ئەو كەسانەی كە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە مافی دەنگدانیان هەیە كارتەكانیان وەرگرتووەتەوە، هاوكات لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق زیاد لە 120 هەزار كارتی دەنگدەرانی بە هەڵە چاپكراون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار كارتی دەنگدانیان تایبەتن بە دەنگدەرانی سنووری پارێزگای سلێمانی، بەڵام ئێمە ئەوكارتانەمان جیاكردووەتەوە ناردومانەتەوە بۆ ئەوەی دووبارە بە ڕاستی چاپبكرێنەوە پاشان بدرێنەوە بە خاوەنەكانیان.

بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، لە سنووری پارێزگای سلێمانی یەك ملیۆن و 361 هەزار 970 كەس مافی دەنگانی هەیە، تا ئێستاش كارەكانی تایبەت بە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت و هیچ ئاماژەیەكیش نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this