گەنەڵ ئینێرجی حکومەتی هەرێم دەباتە دادگا

0
519

SNN

لەسەر هەڵوەشاندنەوەی چەند گرێبەستێکی نەوت کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی سکاڵای یاسایی لەسەر حکومەتی هەرێم تۆماردەکات لە دادگای نێودەوڵەتی لەندەن.

کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیەوە رایگەیاند: لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دو گرێبەست لە هەردوو کێڵگەی غازی بنەباوێ و میران سکاڵایەکمان لەسەر حکومەتی هەرێم لە دەستەی دادوەریی نێودەوڵەتی لە لەندەن تۆمارکردوە و داوای قەرەبویەکی زۆر دەکەین.

کۆمپانیاکە رایگەیاندووە: ئەو سکاڵایەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆماریانکردوە پەیوەندی هەیە بەهەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی وەبەرهێنانی هاوبەش لە هەردو کێڵگەی غازی بنەباوێ و میران لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە: کۆمپانیاکەیان ئامادەیە هەردو گرێبەستەکە هەڵبوەشێنێتەوە و لەبەرامبەریشدا داوای قەرەبوو لە حکومەتی هەرێم دەکەن، بەبێ ئەوەی بڕی ئەو قەرەبوە بخاتەڕوو.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسانی کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجییەوە بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێم مانگی ئابی ئەمساڵ گرێبەستی وەبەرهێنانی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکەیاندا لەهەردو کێڵگەی غازی بنەباوێ و میران هەڵوەشاندوەتەوە، لەکاتێکدا ئەوان بەبەهای 1.4 مليار دۆلار وەبەرهێنانیان لەو پڕۆژەیەدا کردوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی 2017ـش سکاڵایەکی لە دادگای لەندەن بەرامبەر کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی دۆڕاند. ئەوکات دادگای لەندەن حکومەتی هەرێمی ناچارکرد بەبەهای 2.24 مليار دۆلار قەرەبوی کۆمپانیاکە بکاتەوە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this