كاندیدكردنی هۆشیار زێباری پێچەوانەی دەستووری عێراقە

0
783

SNN-عەلی حەمەسەعید

سەرەڕای ئەوەی هۆشیار زێباری لەسەر كەیسی گەندەڵی لە لەپەرلەمانی عێراقەوە سەركارلادراوە، بەڵام لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كاندید كراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار، بەڵام بەگوێرەی دەستووری عێراق كاندیدی پۆستی سەرۆككۆمار پێویستە خاوەن ناوبانگێكی باشبێت، هەروەها گەواهی بۆ بدرێت كە دەستپاكە و ئاكاری رێكە و دادپەروەرە و دڵسۆزی نیشتمانە، بەڵام پسپۆرێكی یاسایی جەخت لەوەدەكاتەوە كە هیچ كام لەو سیفەتانە لە هۆشیار زێباریدا نین.

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی SNN بەگوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێراق كاندیكدرنی ( هۆشیار زریبیاری) لەلایەن پارتییەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار پێچەوانەی چەندە برگەیەكی دەستوورە، چونكە لەبڕگەی سێیەمی ماددەی 68 دەستووری عێراقیدا ھاتووە، كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار پێویستە خاوەن ناوبانگێكی باش بێت، هەروەها گەواهی بۆ بدرێت كە دەستپاكە و ئاكاری رێكە و دادپەروەرە و دڵسۆزی نیشتمانە.

هاوكات لە بڕگەی چواری مادەی 68 ی دەستووی عێراقیش ئەوە هاتووە كە نابیت كاندیدی سەرۆككۆمار بە تاوانێكی ئابڕوبەرانە حوكم درابێت.

هۆشیار زێباری خاوەنی هەردوو ڕەگەزنامەی عێراقی و بەریتانییە، لە ساڵی 2006 تا 2014 وەزیری دەرەوەی عێراق بووە، لە 18ی تشرینی یەكەمی 2014، بوو بە وەزیری دارایی عێراق، لە 23ی ئەیلوولی 2016، بەهۆی گەندەڵی و وەڵامنەدانەوەی پرسیارەكانی پەرلەمانی عێراقەوە متمانەی لێسەندرایەوە، لە بەرامبەردا هۆشیار زێباری تانەی لە بڕیاری دوورخستنەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی كرد، رۆژی 20ی كانوونی یەكەمی هەمان ساڵ، عەبدولستار بەیرەقدار وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد، كە دادگا دوای پێداچوونەوە، تانەی هۆشیاری زێباری ڕەتكردووەتەوە.

هۆشیار زێباری ئەو دەیەوێت سەرۆككۆماری وڵاتێك بێت كە پێنج ساڵ پێش ئێستا ڕابەرایەتی ڕیفراندۆمێكی دەكرد بۆ جیابوونەوە لەو وڵاتەی، كە خۆی ئامادەكردووە سوێند بخوات بۆ پاراستنی یەكپارچەیی.

د.ئیسماعیل نامیق، پسپۆڕی یاسایی لە نوسینێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هۆشیار زێباری ئەو كاتەی وەزیری دارایی بوو لەسەر دەست پیسی و گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات متمانەی لێسەندرایەوە، پشت بەست بە رێكارەكانی پرساندن و متمانە لێسەندنەوەی، دروستە بوترێت، نە ناوبانگی باشە، نە دەستپاكە، نە ئاكاری رێكە، نە دادپەروەرە، ئایا دڵسۆزی نیشتمانە.

ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو یەكێك بوو لە رێبەرانی ڕیفراندۆم، بە ئاشكرا داوای پارچە پارچە كردنی عێراقی ئەكرد، كەواتە یان ڕیفراندۆمەكە فشەبووە، یان ئێستا ڕاست ناكات كە دەڵێت دڵسۆزی عێراقم.

سەبارەت بەبڕگەی چوارەم، ئیسماعیل نامیق نوسیویەتی: ڕاستە ئەو حوكم نەدراوە، بەڵام هۆكاری حوكم نەدانی هاوكێشە سیاسیەكانی عێراقە، ئەگەر لەوڵاتی یاسادا بوینایە، دەبوو هۆشیار و زۆربەی بەرپرسەكانی دیكە لەبەر شاشەكانی كونجی زیندان، سەیری دانیشتنەكانی پەرلەمانی بكردایە.

ڕێزان شێخ دلێر، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەی بۆ SNNڕوونكردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزیی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاوی ناوە و ڕێككەوتنیان لەگەڵ هەندیك لایەنی سیاسی واژوو كردووە، كە تائیستاش ناوەڕۆكی ئەو ڕێككەوتنە نهێنییە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ڕوون نین و نازاندرێت چ دەستكەوتێكی تێدایە بۆ گەلەكەمان، بەڵام بێگوكان تەنها بیر لەدەستكەوتی حزبی و شەخسی كراوەتەوە لەو ڕێككەوتنەدا.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this