مەحمود عوسمان: دەبوو دەستپێشخەریيەکەی بارزانی بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی ناوماڵی كورد بوايە

0
713

SNN-عەلی حەمە سەعید

سیاسەتمەتداریكی دیاری كورد ئاماژە بەوەدەكات: نە بۆ پارتی و نە بۆ هیچ حزبێكی دیكە نییە كە بەتەنها خۆی بە نوێنەری كورد بزانێت لە بەغدا بە بێ‌ ئەوەی كۆدەنگی نشتیمانی بێتە ئاراوە، هاوكات جەختیش دەكاتەوە: كە دەبوو ئەو دەستپێشخەرییەی مەسعود بارزانی كردی بۆ چارەسەركردنی كێشەوگرفتەكانی ناوماڵی شیعە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی ناوماڵی كوردی بكردایە.

د. مەحمود عوسمان، سیاسەمەتداری ناسراوی كود بە SNNی ڕاگەیاند: بۆ ئەوەی گەلی كورد بە یەكگرتووی بە بەهێزی بڕۆشتایەتە بەغدا واباشتر بوو كە لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە لە كوردستان كۆنفرانسێك ببەسترایە كە نوێنەری هەموو حزبەكانی تێدابوایە بەكەسانی سەربەخۆو پسپۆڕەوە بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە لەسەر داواكارییەكانی كورد ڕێكبكەوتنایە و بیان كردایە بە وەرەقەی دانوستان بەڵام ئەمە نەكراو هەمووان بۆ بەدەستهێنانی پلەوپۆست هەولیاندا.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو دۆخەی ئێستا دروستبووە دۆخێكی نەخوازراوە بۆ كورد، چونكە ئەوەی تا ئێستا باس نەكراوە بریتیە لە بابەتە زۆر گرنگەكان لەبارەی مادەی 14 و شایستە داراییەكانی كورد و مووچە و بودجە و پرۆژەی خزمەتگوزاری و چەندین بابەتی دیكەی پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتیان، هەموو ئەمانە كراونەتە قوربانی بەدەستهینانی چەند پلەوپۆستێكی حزبی كە پێناچێت هێندە سودیان بۆ گەلی كورد هەبێت.

ئەو سیاسەتمەدارەی كورد ئەوەشی خستەڕوو: ئەو دەستپێشخەرییەی كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ڕایگەیاند بۆ لێكنزیكبوونەوەی لایەنە شیعییەكان و چارەسەركردنی گرفتەكانیان واباشتر بوو كە ئەو دەستپێشخەرییەی بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی ناوماڵی كوردی بكردایە چونكە ئەوە بۆ گەلی كورد و لایەنە سیاسییەكان گرنگتربوو كە یەكگرتوو بن و پێكەوە لە بەغدا بن نەك هەر حزبەو بۆخۆی هەوڵبدات، لەم حاڵەتەشدا نە پارتی و نە هەر حزبێكی دیكە ناتوانێت خۆی بە نوێنەری كورد بزانێت چونكە ئەوەی دەكرێت كارێكی حزبییە نەك بۆ كورد.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this