وته‌بێژى كۆمسیۆنى هه‌رێم زانیارى نوێ له‌باره‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن ئاشكرا ده‌كات

0
596

SNN – عەلی حەمە سەعید

وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت، په‌رله‌مانى كوردستان وه‌ڵامى نووسراوێكى ئێمه‌ى له‌باره‌ى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى چاره‌نووسمان نه‌داوه‌ته‌وه‌.

شێروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی و راپرسی هەرێمی كوردستان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 19ى ئازار، بە SNNی راگەیاند، “له‌ رۆژى 3ى ئازاره‌وه‌ نووسراوێكمان ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كردووه‌، داوامانكردووە چارەنووسی كۆمسیۆن یەكلایی بكاتەوە بەجۆرێك، دەبێت تاوه‌كو 1ى نیسان، ئەو بابەتە یەكلایبكرێتەوە، ئه‌گه‌ر ئاماده‌ نه‌بن وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه‌ له‌كاتى خۆیدا هه‌ڵوێستى خۆمان راده‌گه‌یه‌نین”.

له‌باره‌ى دیاریكردنى كورسى بۆ نه‌وه‌ى نوێ له‌ ئه‌نجوومه‌نى كۆمسیاران شێروان زرار ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، “پێدانی كورسییه‌ك بە نەوەی نوێ‌ یان هەر حزبێكی دیكە دەكەوێتە سەر رێككەوتنی نێوان كوتلە سیاسییه‌كانی ناو پەرلەمان و ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە”.

له‌باره‌ى به‌رسه‌رچوونى ماوه‌ى یاسایی كۆمسیۆن ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌وه‌شى روونكرده‌وه‌، “ئەم كۆمسیۆنەی ئێستا لە 23ى كانونى یه‌كه‌مى 2019ەوە ماوەكەمان بەسەر چووە، ناتوانین هیچ هەڵبژاردنێك بەڕێوەببەین، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان متمانەمان پێدراوە، دەتوانرێت هەر لە پەرلەمانی كوردستانیشەوە ماوەی كاركردنمان درێژبكرێتەوە یاخود ئەنجوومەنی نوێ هەڵبژێردرێت و متمانەیان پێبدرێت”.

ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی راپرسی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، “دەبێت تا 1ى نیسانى 2022 بابەتی كۆمسیۆن لەلایەن پەرلەمانەوە یەكلایی بكرێتەوە، چونكە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراودا كە 1ى تشرینى یه‌كه‌مى 2022 دیاریكراوە بەلایەنی كەم پێویستیمان بە ماوەی شەش مانگ دەبێت بۆ ئامادەكاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، بەڵام تائێستا هیچ ئامادەكارییەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامنەدراوە و تا ئەوكاتەی چارەنووسی كۆمسیۆن یەكلایی نەكرێتەوە ناتوانین هیچ كارێك ئەنجامبدەین”.

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this