“ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د بێ ئه‌زموونه‌ و ته‌نیا بۆ تێكدانى ماڵى كورد و شیعه‌ كاندید كراوه‌”

0
811

SNN-عەلی حەمە سەعید
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، كاندیده‌كه‌ى پارتی دیموكراتى كوردستان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار ئەگەریش هەڵبژێردرێت بەهۆی بێ‌ ئەزمونی و بێتواناییەوە ناتوانێت سەركەوتووبێت لە بەڕێوەبردنی ئەو پۆستەدا و پارێزەرێكی بەتوانابێت بۆ دەستووری عێراق، ده‌شڵێت: “پارتی تەنیا بۆ تێكدانی ماڵی كورد و شیعە كاندیدیكردووە”.

سەباح حەبیب، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 24ى ئازار، بە SNNی راگەیاند: “پاراستنی دەستوور و وڵات لە ئەستۆی سەرۆككۆماردایە، لە ماوەكانی رابردوودا بە تایبەت لە سەردەمی مام جەلالدا هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەكورد و شیعە و سوننەوە دانیان بەوەدانا كە مام جەلال چۆن توانی ئەو پۆستە لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەكاربهێنێت، دواتریش كە بەرهەم ساڵح ئەو پۆستەی وەرگرت عێراق بە ناخۆشترین رۆژەكانیدا تێپەڕی و چەندین گرفتی سیاسی و ئابووری رووی لە عێراق كرد، بەڵام توانی زاڵببێت بەسەریدا ئەوەش بە پشتبەستن بەو ئەزموونەی كە هەیبوو لە بەڕێوەبردنی عێراقدا”.

له‌باره‌ى كاندید كردنى ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق باس له‌وه‌شده‌كات، “لەئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێبەر ئەحمەدی كاندید كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار ئه‌گه‌رى كه‌مه‌ هه‌ڵبژێردرێت، ئەگەریش هەڵبژێردرێت ئەوا كەسێكی بێ‌ ئەزموونە و توانای بەڕێوەبردنی ئەو پۆستە باڵایەی عێراقی نابێت و ناتوانێت هاوشێوەی بەرهەم ساڵح سەركەوتوو بێت لە پاراستنی دەستوور و بەڕێوەبردنی وڵات ئەمەش بەڕوونی لای لایەنە عەرەبییەكان بەدیدەكرێت، بەڵام بە گشتی پارتی ڕێبەر ئەحمەدی بۆ تێكدانی ناوماڵی شیعەكان و ناوماڵی كورد كاندید كردووە”.

له‌ درێژه‌ى قسه‌كانیدا سه‌رباح حه‌بیب باس له‌ ئه‌ركى سه‌رۆككۆمارى عێراقیش ده‌كات و ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو، “سەرۆككۆمار ئەركێكی زۆر قورسی لەسەر شان دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆ وله‌سه‌ر ئاستى دەرەوەش دەبێت كەسێك بێت كە توانای ئیدارەدانی ئەو پەیوەندییەی هەبێت كە هەر لەسەردەمی مام جەلال تا ئێستا بونیاد نراوە، بەڵام ئیمە و عەرەبەكانیش لەوە دڵنیاين كە كاندیدەكەی پارتی ئەو توانایەی نابێت، چونكە ئەزمونێكی سیاسی ئەوتۆی نییە كە ببێتە هۆی زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەكانی عێراق لەسەر ئاستی دەرەوە”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this