تا نرخی نەوت زیاتر بەرزببێتەوە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم دژوارتر دەبێت

0
489

SNN-عەلی حەمە سەعید

هەرچەندە لەسەرەتای پیكهێنانی ئەم كابینەی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسروبارزانی بەڵێنی ئەوەیان بەهاووڵاتیاندا كە زۆرترین پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێدەكەن و هەرزانی لە كاڵاو شەمەك دەهێننە ئاراوە و گرفتی كارەباو سوتەمەنی چارەسەر دەكەن، بەڵام بەوتەی هاووڵاتیان پێچەوانەی ئەم بەڵێنانە ڕاست دەرچوون نرخی نەوت بەرزبووەتەوە بەڵام لەبری ئەوەی گوزەرانی هاووڵاتیان خۆشتر بێت خراپتر بووە.

عوسمان محەمەد، شارەزا لەكاروباری دارایی و ئابوری بە SNNی ڕاگەیاند: لەهاوكێشە داراییەكاندا هەمیشە ئەوە ڕاستە كە ئەگەر وڵاتێك خاوەن كاڵایەكی بەنرخ بێت كاتێك نرخی ئەو كاڵایە لە جیهاندا بەرزدەبێتەوە دەبێت خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ خەڵكی ئەووڵاتە بێتە ئاراوە چونكە بەهۆی بەرزی نرخی ئەو كاڵایەوە پارەیەكی زیاتر دێتە وڵاتەوە، بەنمونە كە لەئێستادا هەرێمی كوردستان خاوەنی نەوتەو نەوت دەفرۆشێت و لەبازاڕەكانی جیهانیش نرخی بەرمیلێك نەوت زیاد لە 100 دۆلاری تێپەڕاندووە بەگوێری هاوكێشەی ئابوری دەبێت لەئێستادا هاووڵاتیانی هەرێم گوزەرانێكی باشتریان هەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەڵام دەبینین كە بە پێچەوانەوە هەتا نرخی نەوت زیاتر بەرز ببێتەوە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم زیاتر سەخت دەبێت، مووچە دابەشناكرێت نرخی كاڵاو شەمەك زیاتر بەرز دەبێتەوە، ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە كە ئیدارەدانێكی زۆر خراپ لەم كابینەی حكومەتی هەرێم بەدیدەكرێت و داهاتەكان شەفاف نین و ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوت دەستدەكەوێت بۆ هاووڵاتیان خەرجناكرێتەوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونیكانی SNN كە لەبارەی نرخی كاڵاو شمەك و سوتەمەنییەوە كردوویەتی ئەوە دەركەوتووە كە ڕۆژانە نرخی كاڵاو شەمەك و پێداویستی هاووڵاتیان زیاتر بەرز دەبێتەوە، لەبەرامبەردا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەكاتی خۆیدا دابەشناكرێت، لەلایەكی دیكەوە نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی ماڵان گەیشتووتە 230 هەزار دینار، لەكاتێكدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەڵێنی ئەوەی بەهاووڵاتیاندا دابوو كە ماڵ بەماڵ دەگەڕێن و هەرماڵێك بڕی 200 لیتر نەوتیان بۆ دابیندەكەن بەڵام ئەو بەڵێنەش جێبەجێنەكرا.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this