“مەسرور بارزانی نەیتوانیوە بیسەلمێنێت تەنیا سەرۆكی حكومەتی هەولێر و دهۆك نییە”

0
529

SNN-عەلی حەمە سەعید
هەرچەندە لە كاتی سوێندخواردنی سەرۆكی حكومەت بەلێنی ئەوەیدا كە جیاوازی نەكات لەنیوان هاووڵاتیانی شاروشارۆچكەكان لە گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، بەڵام ئەمە تەنیا قسەیەكی زارەكی سەرۆكی حكومەت بوو، چونكە سەرەڕای ئەوەی جیاوازییەكی زۆری كردووە لە جێبەجیكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لەهەمان كاتیشدا ئامادەنەبووە سەردانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بكات، لەكاتیكدا دەیان جار سەردانی توركیا و وڵاتانی دەرەوەی كردووە.

جەمال حەوێز، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە SNNی ڕاگەیاند: ئەوەی لەم كابینەیەدا دەگوزەرێت زۆر جیاوازە لەكابینەكانی دیكەی حكومەتی هەرێم، چونكە سەرۆكی ئەم كابینەی حكومەتە خۆی بەسەرۆكی حكومەتی هەموو پارێزگاكانی كوردستان نازانێت و جیاوازی دەكات لە نێوانیادا، بە نمونە لەماوەی دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت نەیتوانیوە وەك سەرۆكی حكومەت سەردانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بكات و بیسەلمێنێت كە تەنیا سەرۆكی حكومەتی هەولێر و دهۆك نییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو پشتگویخستنەی سەرۆكی حكومەت بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە بووەتە هۆی ئەوەی كە خەڵكی ئەم پارێزگایانەش رەخنەو گلەییەوە لەسەرۆكی حكومەت بكەن چونكە دەبوو هاوشێوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەكاتی ڕوودانی هەركێشەیەك ڕاستەوخۆ بۆخۆی سەردانی بكردایە نەك خۆی بێئاگا بكات لە كێشەكان وەك ئەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەكاتی بۆردومانی هەولێر جیاوازی نەكردو خۆی بەمەیدانی سەردانی ئەو شوێنەی كرد، بۆیە لە ئێستادا چەندین كێشەو گرفت لەسەر دەستی ئەم كابینەیە بەرۆكی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی گرتووە، بەڵام ئامادەنییە بۆجارێكیش لە نزیكەوە سەردانی ناوچەكە بكات.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، هیچ رێگرییەك نیە لەبەردەم سەرۆكی حكومەت كە سەردانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە نەكات، بۆیە سەرۆكی حكومەت بۆخۆی بەلایەوە گرنگ نییە سەردانی سلێمانی و هەڵەبجە بكات لەكاتێكدا لەماوەی دەستبەكار بوونیدا دەیان جاری سەردانی وڵاتانی دەرەوە و توركیای كردووە”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this