دوو ساڵە لە گەرمیان وشكە ساڵییە هیچ بڕە پارەیەك تەرخانناكرێت، بەڵام بۆ هەولێر پێنج ملیار تەرخانكرا

0
583

SNN-عەلی حەمە سەعید

سەرەرای ئەوەی سنووری ئیدارەی گەرمیان یەكێكە لەناوچە گرنگەكانی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە بەڵام ماوەی دوو ساڵە بەهۆی كەمبارانییەوە وشكە ساڵی ڕادەگەیەندرێت و ئیدارەی سنوورەكەش داوای دابینكردنی بڕێك پارەدەكەن بۆ قەرەبووی وشكە ساڵی، بەڵام سەرۆكی حكومەت ڕەتیدەكاتەوە، هاوكات بۆهەمان هۆ بەڵام بۆ شاری هەولێر تەنها ئەمساڵ بڕیاردراوە بە تەرخانكردنی نزكیەی پێنج ملیار دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی لە هەولێر.

لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكردەوە، لەسەر بودجەی ئاسایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی چوار بڕی 4.707.000.000 (چوار ملیار و حەوتسەد و حەوت ملیۆن) دینار كە ئەم بڕە پارەیە بۆ ئامادەسازیی رووبەڕووبوونەوەی كێشەی كەمئاوییە لە شاری هەولێر و دەوروبەری لە هاوینی ئەمساڵدا.

بە گوێرەی بڕیارەكە، ئەو بڕە پارەیە بە مەبەستی جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی ئاوە لە هەولێر و دەوورووبەری، وەك ڕاكێشانی هێڵی كارەبا بۆ بیرەكان و دابینكردنی سێتی پەمپی ئاسۆیی و بۆستەرەكانی ناو شاری هەولێر و چاككردنەوەی مولیدەی بیرەكان و كڕینی كەلوپەلی پێویست بۆ پرۆژەكانی ئاوی ئیفراز/3 و بەكرێگرتنی تانكەر بۆ دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر و دەورەبەری خەرجدەكرێت.

دابینكردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەولێر لە كاتێكدایە كە شادیە حسێن، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی گەرمیان بە SNNی ڕاگەیاند: لەساڵی ڕابردوو كاتێك وشكەساڵیمان ڕاگەیاند داوامان لە حكومەتی هەرێم كرد كە بەبڕی شەش ملیار دینار قەرەبووی جوتیاران بكاتەوە بە دابینكردنی بنەتۆ و كرینی ئالیك بۆ خاوەن ئاژەڵەكان، هاوات ئەمساڵ زیانەكان زیاتر دەبن و ساڵی ڕابردووش وەزیری كشتوكاڵ هەوڵێكی جدی دا بۆ ئەوەی تایبەتمەندی بە ناوچەی گەرمیان بدرێت و بڕێك پارەی بۆ دابینبكرێت بۆ قەرەبوو كردنەوە بەڵام ئەنجومەنی وەزیران ئەوەی ڕتكردەوە تایبەتمەندی بە گەرمیان بدرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەربەهۆی كەمبارانییەوە 135 هەزار دۆنم زەوەی كە دەكاتە لە %60ی زەوییە كیشتوكاڵییەكانی گەرمیان نەكراون بەكشتوكاڵ ئەمەش بەرهەمی ئەمساڵی كشتوكاڵ لە ناوچەكەماندا زۆر كەم دەكاتەوە، هاوكات جگە لەكەرتی كشتوكاڵی كە زیانی زۆری بەركەوتووە بەهۆی بێبارانییەوە، لەهەمان كاتیشدا كەرتی سامانی ئاژەڵیش زیانی زۆری بەردەكەوێت بەهۆی نەبوونی لەوەرگاوە كە نزیكەی 700 هەزار سەرئاژەڵ بەهەموو جۆرەكانییەوە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بوونیان هەیە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this