ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بەنزین بڕیاریدا و باجی لەسەر 14 جۆری خۆراك هەڵگرت

0
775

SNN

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕێكارەكانی ڕێگەگرتن لە تەشەنەكردنی كۆلێرا و دابەزاندن و كۆنتڕۆڵكردنی نرخی سووتەمەنی تاووتوێ دەكات و بڕیاریشدا باج و گومرگ لەسەر هاوردەكردنی 14 جۆری خۆراك هەڵگبرێت تاوەكو نرخیان گران نەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 22 ی حوزەیرانی 2022 ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەن ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە دیدارەكەی لە گەڵ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی كوردستان دا و لەمبارەیەوە وەزارەت و بەرپرسانی حكومەتی ڕاسپارد، هاوكاری زیاتری دەزگاكانی ڕاگەیاندن بكەن و ئاسانكاری پێویستیان پێشكەش بكەن و زیاتر زانیاری و ڕوونكردنەوە دەربارەی كار وچالاكییەكانی حكومەت بە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی كوردستان بگەیەنن، ئەمەش بەشێكە لە كارنامەی حكومەت لە ڕووی شەفافیەت و ئاگاداركردنەوەی ڕای گشتی.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای پشتگیریكردنی لە وتەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری كاراكردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان ژمارە 11 ساڵی 2013 كرد، ئەویش لە ڕێگەی دەركردنی ڕێنمایی ئاسانكاریی جێبەجێكردنی یاساكە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی سیستماتیك، بابەتی پێدانی زانیاریی دروست، بە ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتییان ڕێك بخرێتەوە.

هاوكات، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێكی بەرفراوانی دەربارەی ڕێكارەكانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ ڕێگریكردن لە تەشەنەكردنی نەخۆشیەكانی سكچوونی توند و پەتای كۆلێرا و كۆنتڕۆڵكردنیان خستەڕوو، كە تیایدا بە ئامار و شیكاری، هۆكارەكانی سەرهەڵدانی پەتاكە و ئامادەكاریی و ڕێكار و وەڵامدانەوەی وەزارەتەكەی خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای سوپاس و دەستخۆشی لە وەزارەتی تەندروستی بۆ كار و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە، پێشنیارەكانی ڕاپۆرتەكەی وەزیری تەندروستی پەسەند كرد و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوون لە سەر ڕێكارەكانی ڕێگەگرتن لە تەشەنەكردنی ئەم پەتایە و چارەسەركردنی سەرچاوە و هۆكاری نەخۆشیەكە، بە تایبەتی پاككردنەوەی سەرچاوەكانی ئاو و هوشیاركردنەوەی هاووڵاتییان لەمبارەیەوە.

پاشان لەلایەن كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت ، دەرەنجامی بڕیاری كۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە كێشەی بەنزین خرایەڕوو. سەرۆك وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ كاركردنیان بۆ دابەزاندن و كۆنترۆڵكردنی نرخی سووتەمەنی و پاراستنی كوالێتییەكەی و ڕاشیسپاردن، كە بەردەوامبن لە سەر ئەو ڕێكارانە بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و كۆنترۆلكردنی نرخی سووتەمەنی.

بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە، بریتی بوو لە گرنگترین كار و پڕۆژەكانی چاكسازی كە لە لایەن وەزارەتەكانی كابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەكاربوونیان ئەنجامدراون لە چوارچێوەی هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی كاری كابینەكە و یاسای چاكسازیی ژمارە 2 ساڵی 2020 كە لە لایەن وەزیرەكانەوە خرایە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و دواتریش بۆ ڕای گشتی بڵاودەكرێتەوە، ئەنجومەنی وەزیران، جەختی كردەوە لە بەردەوامبوون لەسەر پلان و بەرنامەی چاكسازیی كابینەكە كە بەشێكی گرنگ و سەرەكی بەرنامەی كاری كابینەكەیە.

لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوە، ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپاردە و پێشنیارەكانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی پەسەند كرد تایبەت بە درێژكردنەوەی ماوەی كاركردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 140 و داڕشتنەوەی بڕیاری ژمارە 145 تایبەت بە ئاسانكاریی بۆ دابینكردنی پێداویستییە خۆراكییە سەرەكییەكان، تاكو بارگرانی نەبوونی بەرهەمە خۆراكیەكان یان گرانبوونیان لە سەر هاووڵاتییان دروست نەبێت، ئەویش بە بەردەوامبوونی هەڵگرتنی ڕەسمی گومرگی لە سەر بەرهەم و پێداویستییە خۆراكییە سەرەكییەكان تا 2022/9/30 وەك ( ئارد ، برنج ، زەیتی خواردن، و ڕۆنی بەستووی ڕووەكی وئاژەڵیی ، چای ڕەش ، شەكر ، پاقلەمەنی وشك ( نۆك، نیسك، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیاو ماش) ، شیری منداڵان بە هەموو جۆرەكانییەوە. هەروەها ئاسانكاریی هاوردەكردنی ئاژەڵ بۆ دابینكردنی گۆشتی سوور لە ڕێگای هەڵپەساردنی مەرجی بەدەستهێنانی مۆڵەتی هاوردەكردنی ئاژەڵ بۆ گۆشتی سوور تا 2022/10/17 بە ڕەچاوكردنی ڕێكار و ڕێنماییە تەندروستییەكان و پاراستن و پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی و دۆخی كەمی لەوەڕگاكان و كەمی ئالیك و تیمەكانی چاودێریی بازاڕ و لیژنەكانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی بەردەوام بن لە چاودێریكردنی بازاڕ و ڕێگرتن لە خراپ سوود وەرگرتن لەم ئاسانكاریانە و بەرزكردنەوەی نرخەكان.

لە بڕگەی چوارەمی كۆبوونەوەكە، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی پابەندبوونی حكومەتی بە جێبەجێكردنی یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان ژمارە 5 ساڵی 2015 كردەوە و بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی داد، بە هاوكاری و هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف وكاروباری ئایینی و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان و سەرۆكی یەكە كارگێڕیەكان، بۆ دەركردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاریی جێبەجێكردنی یاساكە، لە پێناوی پاراستن و پارێزگاریكردنی ئەو ناوچانەی پێكهاتە جیاكانی هەرێمی كوردستان تێێدا جێگیربوون وڕێگەگرتن لە هەر ڕەفتار وسیاسەتێكی نەرێنی كە ببێتە هۆی گۆڕینی بارودۆخی ڕەسەنی ئەو ناوچانە یان گۆڕینی دیمۆگرافیان.

لە بڕگەی كۆتاییدا، ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێكی خستەڕوو سەبارەت بە پێویستی و گرنگی بەردەوامبوونی پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوەی سەرجەم قۆناغەكانی پرۆسەكانی نەوت وگاز لە هەرێمی كوردستان و برەودان بە شەفافیەت لە ڕێگای بەردەوامی خستنەبەردەستی ڕاپۆرتەكانی تایبەت بە زانیاری و ژمارەكانی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتن و خەرجیی و داهاتی نەوت وگاز بۆ ڕای گشتی. ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای سوپاس و دەستخۆشی بڕیاریدا بە بەردەوامبوونی پڕۆژەی ئێستای تایبەت بە وردبینی و پێداچوونەوەی قۆناغەكانی نەوت و گاز و داهات و خەرجییەكانی، لە دوای چاوخشاندنەوە بە گرێبەستی خزمەتگوزاریی وردبینی كۆمپانیای دیلۆیت ، لە ڕووی نرخ و تێچووی خزمەتگوزارییەكە و خستنەڕووی ڕاپۆرتی مانگانە، سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتن و خەرجیی و داهاتی نەوت وگاز بۆ ڕای گشتی و فراوانكردنی چالاكیەكانییان و دەوڵەمەندكردنی ڕاپۆرتەكانی مانگانە . جەختیش لەسەر ڕاهێنانی فەرمانبەرانی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم كرایەوە بۆ بەرزكردنەوەی تواناكانیان و نوێكردنەوەی یاسا ور ِێنمایی و پێوەرەكانی دارایی و وردبینی كارپێكراو لەهەرێمی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە نوێ و هاوچەرخەكانی ئەم بوارە .

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this