نرخی هەندێک کاڵا و خۆراك بە رێژەی 60٪ بەرزبووەتەوە

0
374

SNN-عەلی حەمە سەعید
ماوەی چەند مانگێگە بەچەند هۆكاری جیاواز نرخی كاڵا و خۆراك لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی دەوروبەر بەرزبوونەوە بەخۆیەوە بینیوە ئەوەش بارگرانی زیاتری لەسەر كڕیاران و هاووڵاتیان دروستكردووە، بەجۆرێك هەندێك خۆراك بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاد لە %60 نرخەكانیان بەرزبووەتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەكانیش ئاماژە بەوەدەكەن بەرزبوونەوەی نرخ لە تواناو دەسەڵاتی ئێمەدا نییە ڕێگری لێبكەین.

موسا عەبدوڵا، خاوەن دوكانی فرۆشتنی خۆراك و پێداویستی ڕۆژانەی هاووڵاتیان بە SNNی ڕاگەیاند: نرخی كاڵاكان بەردەوامە لەبەرز بوونەوە بەتایبەت بابەتە خۆراكییەكان كە ڕۆژانە هاووڵاتیان بەكاری دەهێنن لە ڕۆن و زەیت و برنج و شەكر و ئارد و چەند پێداویستییەكی دیكە، ئەو بەرز بوونەوەیەش پەیوەندی بە دەرەوە هەیە لەناوخۆی هەرێم نرخەكان بەرز ناكرێنەوە مەگەر بەڕێژەیەكی كەم نەبێت، بۆیە ئەمە وایكردووە كە ئەو خواردنانەشی لە ئارد و شەكر و رۆن دروستدەكرێن نرخەكانیان زیاتر بووە، بە نمونە ئەگەر پێشتر كارتۆنێك كێك یان پسكیتمان بە پێنج دۆلار كڕیبێت ئیستا هەمان كارتۆن بە 10 دۆلار دەكڕین.

ئاماژەی بەوەشكرد، نرخی ئاردی 25 كیلۆیی جۆری توركی لە 14 هەزار دینارەوە بەرزبووتەوە بۆ 30 هەزار دینار، كارتۆنێك زەیتی یەك لیتری لە 26 هەزاردینارەوە بۆ 73 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، هەروەها فەردەیەك برنجی 30ی كیلۆیی لە 46 هەزار دینارەوە بەرز بووتەوە بۆ زیاد لە 62 هەزار دینار، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە سەرجەم كاڵاو خۆراكەكانی دیكەی ڕۆژانەی هاوولاتیان بە هەمان شێوە  نرخەكانیان زیاد لە %50 و هەندێك كاڵاش هەن زیاد لە %60 نرخەكانیان بەرز بووەتەوە وەك برنج.

ئەو خاوەن دووكانەی فرۆشتنی كاڵاو خۆراكی ڕۆژانەی هاووڵاتیان ئەوەشی خستەڕوو، بەرزبوونەوەی نرخەكان بووەتە هۆی ئەوەی كە فرۆشتن كەم بكات، بەجۆرێك ئەگەر پێشتر كەسێك بهاتایە فەردەیەك برنجی 30 كیلۆیی بكرێت لە ئێستادا دێت تەنها پێنج كیلۆ یان 10 كیلۆ دەكرێت بۆیە بەگشتی ئاستی فرۆشتنی خۆراك بەڕێژەی زیاد لە %50 كەمیكردووە.

سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بۆ SNNی ڕوونكردەوە، بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاو خۆراك و پێداویستی ڕۆژانەی هاووڵاتیان لە دەسەڵات و توانای ئێمەدا نییە نرخەكان دابەزێنین، چونكە لە سەرئاستی جیهان نرخەكان بەرز بوونەتەوە ئەوەش بەهۆی ئەوەی نرخی سوتەمەنی بەتایبەت نەوت بەرزبووەتەوە ئەوەش وادەكات نرخی گواستنەوە زیاد بكات لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامی شەڕی نێوان ڕوسیا و ئۆكرانیا هۆكارێكی دیكەی بەرز بوونەوەی نرخی خۆراكە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this