ژمارەیەکی زیاتر زەمالەی خوێندن بۆ خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆکانی روسیا دابیندەکرێت

0
513

SNN

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە هەولێر لەگەڵ ئۆلیک لێڤنین، کونسوڵی گشتی کۆماری روسیا لە هەرێم کۆبووەوە و پێکەوە تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە کلتوری و زانستییەکانی نێوان روسیا و کوردستانیان کرد.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە 27ی حوزەیرانی 2022 بەڕێوەچوو، باسی دۆخی سیاسی عێراق و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرا و جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەوەی پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بە یەکدەنگی بەشداری لە دانووستانەکاندا بکەن. داواشیکرد لایەنە عێراقییەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری عێراقدا ئاستی داواکارییە حیزبییەکانی خۆیان کەم بکەنەوە و لە جیاتی ئەوە گفتوگۆ بکەن لەسەر چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی حکومڕانی و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە کلتوری و زانستییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی روسیا کرا. باس لە پێویستی پێکهێنانی دامەزراوەیەکی تایبەت کرا بۆ دروستکردنی پەیوەندیی زانستی لەنێوان زانکۆکانی کوردستان و زانکۆکانی روسیا و بۆ ئەمەش خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی روسیا ئەندام بن لەو دامەزراوەیەدا تا رۆڵی زیاتر ببینین لە بەهێزکردنی پەیوەندی کلتوری و رۆشنبیری و زانستی لەنێوان دوو وڵاتدا.

هەر لەم چوارچێوەیەدا باس لە چۆنییەتی زیادکردنی زەمالەی خوێندن بۆ خوێندکارانی کورد کرا لە زانکۆکانی روسیا و کونسوڵی روسیا ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ دابینکردنی ژمارەیەکی زیاتری زەمالەی خوێندن بۆ خوێندکارانی هەرێم.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان مۆزەخانەکانی کوردستان و روسیا. کونسوڵی روسیا ئاماژەی بەوەدا پلانیان هەیە بەم نزیکانە سەردانی سلێمانی و مۆزەخانەی سلێمانی بکات بۆ دروستکردنی پەیوەندیی و هاوکاری لەنێوان مۆزەخانەی سلێمانی و چەند مۆزەخانەیەکی روسیا.

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this