توركیا پێگەی خۆی لە هەرێم قایم دەكات، 58 بنكەی سەربازی دامەزراندووە و 255 گوند چۆڵكراون

0
391
عەلی حەمەسەعید-SNN

لە چوارچێوەی بەرنامەو پلانەكانی توركیا و بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی گەریلاكانی توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان، توركیا بە شێوەیەكی نهێنی و بەردەوام سەرقاڵی هاتنە پێشەوەیە بۆ قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان و لە ئێستادا توركیا خاوەنی 58 بنكەو خاڵی سەربازییە لە هەرێمی كوردستان و بەسەدان ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەكی قورس و سوك لەو بنكە سەربازییانە جێگیركراون هاوكات 255 گوندی سنووری پارێزگای دهۆكیش چۆڵكراون.

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی SNN بەپشت بەستن بەو زانیارییانەی كە لەبەرپرسانی ئیداری سنووری پارێزگای دهۆك دەستیكەوتوون ئەوەخراوەتەڕوو، ناوبەناو سوپای توركیا ئاڵوگۆڕ بە شوێنی بنكەو خاڵەسەربازییەكانی خۆی دەكات بەجۆرێك لەهەر گۆڕانكارییەكدا سوپای توركیا زیاتر پێشڕەوی دەكات بە ئاراستەی قوڵایی خاكی هەرێم ئەوەش بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە ئێستادا 58 بنكەو خاڵی سەربازی توركیا لە خاكی هەرێم دامەزراون كە زۆرینەیان دەكەون سنووری پارێزگای دهۆك، هاوكات لەناو ئەوبنكە سەربازیانە چەندین چەكی قورس و سوك و دەیان ئۆتۆمبێلی پێشكەوتووی سەربازی جێگیركراون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خاڵە سەربازییانەی كە دەكەونە سنووری كانی ماسێ، شیلادزێ و دێرەلووك فراوانكردوون و تۆپخانە و ئۆتۆمبێلی سەربازیی وەكو هەمەری تێدا جێگیركردوون.

لە بەدواداچوونەكانی SNN ئەوەشهاتووە، كە لە ئێستادا سوپای توركیا سەرقاڵی دامەزراندنی خاڵی سەربازیی نوێیە لە سنووری گوندی هروور و چەند ناوچەیەكی سەر بە ئامێدی دروستكردووە، هاوكات لە زناری كێستە، كە ساڵ و نیوێكە جادەی بۆ بردووە، سەربازگەیەكی گەورەی دروستكردووە لەگەڵ چەند خاڵێكی سەربازی، لە گوندی هروور، لە كەڤرێ سۆر، بە فڕۆكە سەربازی دابەزاندووە و خاڵە سەربازییەكەی كردووەتە بنكە، هەروەها لە گەلی رەشافە، رێگەی دروستكردووە و بنكەی دروستكردووە، لە چیای كوڕەژاریش لە شیلادزێ، چەند خاڵێكی سەربازییان دروستكردووە كە چەندین جۆر چەك و ئۆتۆمبێلی هەمەر جیگیركراون و 255 گوندی سنوری پارێزگای دهۆك چۆلكراون.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this