ئاسايشی سلێمانی ئەو تۆمەتبارانەيان دەستگيرکرد کە هاووڵاتييەکيان رفاندبوو بۆ بەغدا

0
525

SNN
بەڕێوەبەرايەتی گشتی ئاسايشی سلێمانی لە راگەيەندراوێکدا بڵاويکردەوە ئەو کەسانەيان دەستگيرکردووە کە هەستاون بە رفاندنی بازرگانێک لە گەڕەکی ئاشتی شاری سلێمانی، دەشڵێن “ئەوانەی ئەم کارەيان ئەنجامداوە گروپێک بوون لە کورد و عەرەب پێکهاتوون”.
دەقی راگەيەندراوەکە:

بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەممە ١٣ / ١٠ / ٢٠٢٢ سەعات ٤:١٠ دەقە چەند کەسێکی دەرچوو لە یاسا بەجلوبەرگی سەربازی و چەکەوە ھەڵدەکوتنە سەرماڵی بەڕێز ( یونس قادر ئەحمەد ) لە گەڕەکی ئاشتی سلێمانی کە پیشەی بازرگانەو یەکێکە لە سەرمایەدارەکان و دەیڕفێنن و ئۆتۆمبێلکەی لەجۆری لێکزز و بڕێکی پارەو ئاڵتوون دەدزن و ھەڵدێن .

پاش ئاگادارکردنەوەی ھێزەکانمان و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی ورد سەرەداو دەستکەوت کە ئەم تاوانکارییە لەرێگای گروپێکەوە ئەنجام دراوە کە پێکھاتبوون لە کورد و عەرەب ، سەرئەنجام لەسەر پێشنیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ژورێکی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پێکھێنراو شوێنی تۆمەتباران ئاشکراکرا کە بەرەوەبەغدا ھەڵھاتوون .

پاش رەزامەندی بەڕێز دادوەر تیمێکی تایبەتی ئاسایشی سلێمانی ھەمان رۆژ گەیشتنە دیالەو بەھاوبەشی ھێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی توانرا لەھەڵمەتێکی سەرکەتوودا دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی ( ئ ، م ) و ( ھ . ی ) دەستگیربکرێت و ھاوڵاتی بارمتەكراو یونس قادر ئەحمەد یش رزگار بکەن .

دواتر لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوە و لەدوو ھەڵمەتی جیادا رۆژی پێنج شەممە ١٣ / ١٠ / ٢٠٢٢ لە قەزای کفری گەرمیان تۆمەتبار ( م . م ) دەستگیرکراو رۆژی ١٤ / ١٠ / ٢٠٢٢ لە سلێمانی تۆمەتبار ( ح . ع ) دەستگیرکرا و لەلایەن ھێزەکانیشمانەوە دەست بەسەر جبەخانە و چەک و جلوبەرگە سەربازییەکانیشدا گیرا .

بۆ ھەموولایەکی رووندەکەینەوە ئاشکراکردنی ئەم گروپە و دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە تۆمەتباران لەماوەی کەمتر لە ٢٤ سەعات بەرئەنجامی شەونخونی و کارکردنی بەردەوامی ھێزەکانمان بوو ، کە وەک ھەمیشە ئامادەو سازبوونە لەپێناو ئاسایش و ئارامی ھەرێم و پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان .
ھەروەک سوپاسی ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەکەین کە ھەماھەنگ و ھاوکاربوون لەسەرخستنی ئەم چالاکییەکدا و لێکۆڵینەوەش لەرووداوەکە بەردەوامە و لە داھاتوودا لەبارەی ئەم گروپە تاوانکارییە زانیاری زیاتر دەخەینەڕوو .

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی
١٤ / ١٠ / ٢٠٢٢

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this