ئاستى ئاوى ژێرزه‌وى له‌ گه‌رمیان زیادى كردووه‌

0
475
دیمه‌نێكى به‌نداوى باوه‌شاسوار له‌ قه‌زاى كفرى له‌ گه‌رمیان | فۆتۆ: KRG

SNN – عەلی حەمە سەعید

بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان ئاشكرایده‌كات، ئاستى ئاوى ژێرزه‌وى له‌ ناوچه‌كه‌یان زیادیكردووه‌، شاره‌زایه‌كى كه‌شناسیش ده‌ڵێت: “كۆتایی وه‌رزى زستان و وه‌رزى به‌هار باراناوى ده‌بێت”.

شادیە حسێن، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21ى شوبات، بە SNNی راگەیاند، “دوای ئەوەی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی كەمی رێژەی بارانبارینەوە وشكەساڵی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان روویدا، زیانێكی زۆر بەر جوتیاران و كەرتی كشتوكاڵى كەوت، ئاستی ئاوی ژێرزەویش زۆر دابەزی، بەڵام خۆشبەختانە لەمساڵدا تا ئێستا ئاماژەكان دڵخۆشكەرن و مەترسی وشكەساڵیمان تێپه‌ڕاندووه‌”.

له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى ئایا رێژه‌ى بارانبارین چه‌نده‌ ئه‌مساڵ له‌ گه‌رمیان؟ بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، “بەهۆی ئەو رێژە زۆرەی بارانبارین لە تەواوی هەرێمی كوردستان و سنووری ئیدارەی گەرمیان، بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی ئاوی ژێرزەویش زۆر بەرزبووەتەوە، بەجۆرێك لە وەرزی زستانى ساڵی رابردوو تا ئه‌مڕۆ بارانبارین لە كەلار رێژه‌كه‌ى 75.9 ملیمەتر بوو، بەڵام ئه‌مساڵ تا ئێستا رێژەكە بۆ 164 ملیمەتر بەرزبووتەوە، هاوكات لە ساڵی رابردوولە كفری 103 ملیمەتر باران باریبوو، بەڵام لەمساڵدا رێژەكە بۆ 187 ملیمەتر زیادیكردووە بەهەمان شێوە لە تەواوی ناوچەكانی دیكه‌ش”.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ شاڵاو هیدایەت، شارەزا لە كەشناسی بە SNNی راگەیاند، “ئەو ماوه‌یەی لە هەردوو وەرزى زستان و بەهار لەبەردەستماندا ماوە پێشبینی دەكەین رێژەیەكی زۆر زیاتر لەوەی ئێستا باریوە باران و بەفر ببارێت، بەجۆرێك كە بەهیچ جۆرێك مەترسی وشكەساڵی لە هیچ ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان دروستنابێت”.

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this