نەرمین مەعروف: مەرجێکی بانکی ناوەندیی عێراق گرفت بۆ ئابووری هەرێم دروست دەکات

0
391

SNN-عەلی حەمەسەعید

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات بانكی ناوەندیی عێراق بڕیاریداوە لەمەودوا بە شێوەی ئەلیكترۆنی دۆلار بفرۆشێت، بەڵام لە بڕیارەكەدا مەرجێك دانراوە كە گرفتی گەورە بۆ خاوەنكاران و ئابووری هەرێمی كوردستان دروستدەكات هەر بانكێك كە مۆڵەتی هەیە پابەند نەبێت بە بڕیارەكە، بێبەش دەبێت لەو بڕە دۆلارەی كە رۆژانە دەخرێتەڕوو..

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی بانكی ناوەندی عێراق بڕیاریدا لەمەودوا بە شێوەی ئەلیكترۆنی دۆلار بفرۆشێت، ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوەهەیە ئەوەیە كە سەرجەم كۆمپانیا و كارگە و پڕۆژە موڵەتدارەكان لە هەرێمی كوردستان تا ٣١ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٣ مافی پێدانی دۆلارییان پێدەدرێت لە رێگەی سەكۆ ئەلكترۆنییەكەی بانكی ناوەندییەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو كۆمپانیاو خاوەنكارو وەبەرهێنەرانەی كە دۆلاریان پێدەدرێت بە شێوەی ئەلیكترۆنی مەرجە بەڵگەنامەكانیان بەشێوەی یاسایی وەرگێرابێتە سەر زمانی عەرەبی، هاوكات مەرجیشە كە تا 31كانوونی یەكەمی ئەمساڵ سەرجەم كۆمپانیاكانی هەرێم لە دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ تۆمار بكرێن و مۆڵەتی كاركردن وەربگرن

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارەكەی بانكی ناوەندی لە ئێستادا سوودێكی باشی دەبێت بۆ خاوەنكارانی هەرێم ، بەڵام لە كۆتایی ئەمساڵ و داهاتووشدا بوونی ئەو مەرجە گرفتی گەورە بۆ كۆمپانیاكان و خاوەنكاران و ئابووری هەرێم.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this