بزوتنەوەی گۆڕان خانەی ڕاپەڕاندن لادەبات و ڕێكخەری گشتیش دوو جێگری بۆ دادەنرێت

0
531
لۆگۆى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان | فۆتۆ: SNN

SNN-عەلی حەمەسەعید

ئەندامێكی ئەنجومەنی بەرێوەبردنی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوەدەكات نزیك بووینەتەوە لە بەستنی كۆنفرانسی نشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەگەری زۆر هەیە كە خانەی ڕاپەڕاندن لە بزووتنەوەكە نەمێنێت و ڕێكخەری گشتیش دوو جێگری بۆ دابندرێت، جەختیش دەكاتەوە كە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان ناكۆكی هەیە بەڵام ناكۆكییەكان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی نییە بەڵكوو لە پێناو ڕێكخستنەوەی بزووتنەوەی گۆڕاندایە.

بەگویرەی ئەو زانیارییانەی كە لە ئەندامیكی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری بزووتنەوەی گۆڕان بە SNNدراون ئەوەخراوەتەڕوو، هەرچەندە وابڕیاربوو كە لەمانگی ڕابردوودا كۆنفرانسی نشتیمانی ببەستین بەڵام بەهۆی ئەوەی (بورهان یاسین) كە كەسایەتییەكی دیاری ناو بزووتنەوەی گۆرانە دەستپێشخەرییەكی راگەیاندن بۆ ئاشتكردنەوەی ئەو سەركردەو بەرپرسانەی گۆڕان كە لە بزووتنەوەكە نیگەران بوون، بۆ ئەوەی ئەوانیش بەشداری كۆنفرانسەكە بكەن بۆ ئەوەی كەسیك نەبێت خۆی بەگۆڕان بزانێت و لەدەرەوەی كۆنفرانس بێت، ئێمەش لە جڤاتی نشتیمانی گەیشتینە ئەو بڕوایەی ئەمە دەستپێشەرییەكی زۆر باشە بۆیە بەستنی كۆنفرانسەكەمان دواخست.

ئاماژەی بەوەشكرد، رێكخەری ئێستا و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕانیش هەموومان ئەندامی كاربەڕێكەرین چونكە دەستمان لەكار كێشاوەتەوە، بۆیە تا ئێستاش هەڵبژاردن نەكراوە چاوەڕیی بەستنی كۆنفرانس بووین، چونكە ئەگەری زۆر هەیە لە كۆنفرانس بڕیاری ئەوە بدرێت خانەی ڕاپەڕاندن نەمێنێت و ڕێكخرەی گشتیش دوو جێگری بۆ دابندرێت، هاوكات چەند ئۆرگانێكی دیكەی بزوتنەوەكەش كەم و زیاد دەكرێن، بۆ ئەوەش لەناو بزوتنەوەی گۆران ناكۆكی هەیە بەڵام ناكۆكییەكان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی نییە بەڵكوو لەپێناو ڕێكخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕاندایە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری بزووتنەوەی گۆران ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا چاوەڕێی ئەنجامی ئەو دەستپیشخەرییە دەكەین بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە بچینە كۆنفرانس هاوكات ئەو سەركردە نیگەرانانەی گۆڕان قسەی خۆیان هەبووە و داواكارییان هەبووە كە پێداچوونەوەی بەكۆی سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕان بكرێت، بۆیە ئەو دەستپێشخەرییە هێشتا بەكراوەیی ماوەتەوە و چاوەڕیی ئەنجامی باشی لێدەكەین.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this