کەشوهەوای زستان و پایزی ئەمساڵ دڵۆخشکەر و مەترسیداریش دەبێت

0
454

SNN

پسپۆڕی کورد لە بواری گەردونناسییە و بایەخ بە ڕەوشی ژینگە و کەشوهەوا و پرسە مرۆییەکانی دیکە دەدات، لە تازەترین بابەتیدا سەبارەت بە ڕەوشی کەشوهەوا و دۆخی ژینگەیی، کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە؛ پێشبینییەکانی کەشوهەوای پاییزو زستانی ئەمساڵی ناوچەکە و بەتایبەتیی هی هەرێمی کوردستان خستۆتە ڕوو.

لوقمان حەوێز زانستکار و ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسانی تێکساس؛ لەو بابەتەدا کە بە سەربابەتی (نوێ و گرنگ: پێشبینیەکان بۆ وەرزەکانی دابارینی پاییز و سەرەتای زستانی ئەمساڵ 2023 و 2024 چیین و چۆن دەبن؟) ئاماژەی بەوەداوە کە دوای ئەوەی بەدواداچوونی بۆ هەموو مۆدێلەکانی کەشوهەوای وەرزی پاییز و زستانی ئەمساڵ کردووە؛ گەیشتۆتە ئەو دەرەنجامەی کە وەرزی پاییز و سەرەتای زستان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دابارین لە ئاستی ئاسایی بەرزتر دەبێت و ئەگەری ڕوودانی لافاویش هەیە.

ئەو زانستکارە نووسیویەتی: “ئەگەری ڕێژەی دابارینەکانی پاییز و سەرەتای زستانی ئەمساڵ بەرزتر دەبن لە ڕێژە ئاساییەکان بۆ ناوچەکانی کوردستان، ئەو ئەگەرە لەنێوان 60% تا 70% دایە کە ڕێژەی دابارینەکانی ئەم پاییزە و سەرەتای زستانیش بەرزتر دەبن لە تێکڕای ڕێژە ئاساییەکان بۆ ئەو کاتانەی ساڵ”.

لە درێژەی نووسینەکەیدا، ئەو زانستکارە کوردە، دوای ئەوەی مێتۆدەکانی پێوانەکردنی دابارین ڕوون دەکاتەوە، دەنووسێت: “بە گشتیی چاوەڕوان دەکرێت دابارینەکان لە ناوچەکانی کوردستان لەمانگی(10، 11و 12ى 2023) بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزتریش بن لەڕێژەی تێکڕای ئاسایی نەوەک هەر ڕێژەکانی سێ چوار ساڵی ڕابردوو”.

حەوێز سەرباری ڕوونکردنەوەکانی هۆشدارییش دەدا: “بەداخەوە دابارینەکانی ئەمساڵی ناوچەکانمان هەموویان بەخوڕ و بەهێز دەبن لەو شوێنانەی کە دابارین تیایاندا ڕوودەدات بۆیە ئەگەری لافاویش لەئارادا دەبێت، پلەکانی گەرماش تا دەوروبەری کۆتایی ساڵ هەر بەرزتر دەبن لە پلە گەرمییە ئاساییەکانی وەرزەکانی پایز و سەرەتای زستان”.

زانستکارە کوردەکە هۆکاری ئەو دابارینە توند و بەخوڕانە دەگەڕێنێتەوە بۆ دیاردەی ناسراوی ئێڵنینۆ (El nino)، کە بە وتەی ئەو هەنووکە کەشوهەوای گۆی زەوی لەژێر کاریگەرییەکی توندی ئەو دیاردەیەدایە کە پێشبینیی دەکرێت هەتا ناوەڕاستی ساڵی 2024 بەردەوام بێت.

لوقمان حەوێز لەبارەی کاریگەریی ئێڵنینۆوە ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات: “ساڵی 2016 دواجار بوو کە دیاردەیەکی ئێڵنینۆی وا بەهێزمان هەبوو، هەموو لێکۆڵینەوەکانی ئەمساڵ ئاماژە بەوە دەدەن کە ئێڵنینۆی ئەمجارە دیاردەکانی کەشوهەوا لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان توندتریش دەکاتەوە لەچاو جارەکانی پێشووتر، نەوەک بە تەنیا هەر لە کوردستان”.

سەبارەت بە کوردستانیش دەنووسێت: “مەترسیی سەرەکی لە کوردستان لەو توندوتیژییانەی کەشوهەوای ئەم پاییزە و زستانی داهاتوو لافاوە، بۆیە پێویستە لە ئێستاوە ئامادەکاری بکرێت و ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و کەمکردنەوی زیانەکان، بەتایبەتیش لە ناوشار و شارۆچکەکان و دەروبەری شارەکان کە دەستکاری ڕێڕەوی زۆربەی چەم و ڕووبارەکان کراو و لە هەندێک شوێن بەری ئەو چەم و ڕووبارانە گیراوە یان تەسک کراوەتەوە و خانوو و باڵەخانە لەسەر یان لەنزیک ئەو ڕێڕەو و چەمانە درووست کراوە”.

لە کۆتاییشدا دەنووسێت: “سەبارەت بەو شوێنانە زۆربەی کاتەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا وشک بوون، ئەمەش لەکاتی دابارینی بەهێز زۆر مەترسییدار دەبێت، چونکە ئەگەری دروستبوونی لافاوی گەورە لەو شوێنانە لە ئارادا دەبێت، بێگومان جگە لەو ئامادەکارییە پێشوەختانە زۆر پێویستە تیمی فریاگوزاریی تایبەتیی بە کەلوپەلی تایبەتییەوە لەسەرپێ بن بۆ ئەنجامدانی کارە فریاگوزارییەکان لەو کاتانەدا”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this