“تا مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو هیچ مووچەیەك لە هەرێم دابەشناكرێت”

0
2674

SNN-عەلی حەمە سەعید

لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 12ی فەرمانبەرانی هیناوە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان تا ئێستا فەرمانبەران مووچەی مانگی 10 یان وەرنەگرتووە، پەرلەمانتارێكیش جەخت لەوەدەكاتەوە كە سبەینێ‌ یەکشەممە شاندێك لە هەرێمی كوردستانەوە سەردانی بەغدا دەكەن بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، SNNیش ئاشكرای دەكات تامانگی شوباتی ساڵی داهاتوو هیچ مووچەیەك لە هەرێم دابەشناكرێت.

سەباح حەبیب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە SNNی ڕاگەیاند: هەوڵەكانی فراكسیۆنەكەمان لە پەرلەمانی عێراق بەردەوامە بۆ ئەوەی بە زوویی چەند ماددە و بڕگەیەكی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی هەموار بكرێنەوە بەتایبەت ئەو بڕگەو مادانەی كە پەیوەستن بە هەرێمی كوردستان و جیاكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە بودجەی سیادی و ئەنفاقی فیعلی و دانانی پشكی هەرێم لە بانكێكی تایبەت.

ئاماژەی بەوەشكرد، وابریارە سبەی یەکشەممە شاندێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەستبكەنەوە بە گفتوگۆكردن لەبارەی پرسەكانی تایبەت بە پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2024 ، هەروەها یەكلایی كردنەوەی بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و جیاكردنەوەی لە ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغدا، بەڵام نازانین ئاراستەی گفتوگۆكان بە كوێ‌ دەگەن.

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی SNN، وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق دڵنیایی داوەتە بەرپرسانی هەرێم كە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەك بە قەرز ڕەوانەی هەرێم بكات تا ئەوكاتەی پرۆژەیاسای بودجە هەموار دەكرێتەوە و پشكی هەرێم بەلایەكدا دەخرێت، ئەوەش پێویستی بە دانیشتنی پەرلەمان هەیە و دەبێت ئەو هەموارە لە پەرلەمان بكرێت و پاشان پەسەند بكرێت ئەگەر لە پەرلەمانیش گرفتی بۆ دروستنەكرێت.

هەر لە بەدواداچوونەكانی SNN، لە ئێستادا پەرلەمانی عێراق لە پشووی یاساداناندایە و ئەو پشووە تا بەرواری 9/1/2024 بەردەوامی دەبێت پاشان پەرلەمان دەستدەكاتەوە بە دانیشتنەكانی، هاوكات لە ئێستادا پەرلەمان بێ‌ سەرۆكە و كاری یەكەمی پەرلەمان لەدوای كۆتایی هاتن بە پشووەكەی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ‌ دەبێت، پاشان هەمواركردنەوەی پرۆژەیاسای بودجە، هەموو ئەمانەش پێویستیان بە كات هەیە و بە ئەگەری زۆرەوە تا كۆتایی مانگی داهاتوو ئەم بابەتانە یەلاكیی ناكرێنەوە، بۆیە بەهەموو ئەگەرەكانەوە تا مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو هیچ مووچەیەك لە هەرێمی كوردستان دابەشناكرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this