“مووچه‌خۆرانى هه‌رێم بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ كێشه‌ى مووچه‌یان نابێت”

0
1320
دراوى 25 هه‌زار دینارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمەسەعید
ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى بودجه‌ واده‌كات تاوه‌كو دوو ساڵى داهاتوو مووچه‌خۆرانى هه‌رێم كێشه‌ى مووچه‌یان نه‌بێت، ده‌شڵێت: “هه‌مواره‌كه‌ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى پێویسته‌”.

رۆژى شه‌ممه‌ 14ى كانونى دووه‌م، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق كۆبوویه‌وه‌. له‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیراندا بڕیاردرا به‌ ناردنى 615 ملیار دینار به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام بۆ دابه‌شكردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم تاوه‌كو ئه‌وكاته‌ى كه‌ یاساى بودجه‌ى عێراق هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌ و پشكى هه‌رێم ده‌چێته‌سه‌ر خه‌رجى حاكیمه‌ و به‌شێوه‌یه‌كى ئاسایی ره‌وانه‌ ده‌كرێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 18ى كانونى دووه‌م، د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی راگەیاند، “بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی پشكی هەرێم پێشهاتێكی باشە بۆ ئەوەی گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵ و لە ساڵی داهاتووشدا چارەسەر بكرێت، چونكە ئەو یاسایە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، بۆ ماوەی سێ‌ ساڵ كاری پێدەكرێت”.

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئایا ماوه‌ى چه‌ند پێویسته‌ بۆ هه‌موارى بودجه‌؟ ئه‌ندامه‌كه‌ى لیژنه‌ى دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، “ئێستا بابەتی هەمواركردنەوەی یاساكە لە ئارادایە. ئەو هەمواركردنەوەیە بە نزیكەیی دوو هەفتەی دەوێت تا پەسەند دەكرێت لە پەرلەمان”.

به‌ وته‌ى ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، “لەمساڵدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە هەمواركردنەوەی یاسای بودجەدا خراوەتەسەر خەرجیی حاكیمە، ئەمەش واتای ئەوەیە بۆ دوو ساڵی ئایندە كێشەی مووچە لە هەرێمی كوردستان نامێنێت و فەرمانبەرانی هەرێم شایستە داراییەكانیان بۆ خەرجدەكرێت و هاوشێوە فەرمانبەرانی عێراق مانگانە مووچە وەردەگرن”.

به‌پێى زانیارییەكانی SNN كە لە بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی ده‌ستیكه‌وتوون، “بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا بڕی زیاتر لە 618 ملیار دینار لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بخرێتەسەر ژمارە حسابی بانكی هەرێم لە هەولێر. پاشان، لیستی مووچەی فەرمانبەران ربگەیەندرێت و بە داهاتی ناوخۆش كورتهێنانی مووچە پڕبكرێتەوە”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this