لەمساڵدا شەش هاووڵاتی مەدەنی هەرێم بە هێرشەکانی تورکیا شەهید بوون

0
389

SNN

شەوی 18ی نیسان بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی تورکیاوە لە دەوروبەری قەزای سیدەکان هاووڵاتیەک کە پیشەی پێسمەرگە بوو شەهید بوو، لەسەرەتای ئەمساڵەوە پێنج هاووڵاتی دیکەی هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی ئەو وڵاتەوە شەهیدبوون و کۆی ژمارەی ئەو هاوڵاتیە مەدەنیانەی لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا بەهۆی هێرشەکانی تورکیا شەهیدبوون گەیشتووەتە 156 کەس.

درەنگانی شەوی18ی نیسان بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆسەر گوندی ناودارۆکی سەر بە قەزای سیدەکان هاووڵاتیەک بە ناوی سەروەر قادر رەشکۆ تەمەن 46 ساڵ خەڵکی گوندی شێخ رەشە لە قەزای سیدەکان کە پیشەی پێشمەرگە بوو، شەهید بوو.

پێنج رۆژ پێشتر و لە شەوی 13ی نیسانی 2024 بەهۆی بۆردومانی فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆ سەر دۆڵی شۆرە لە گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەت هاوڵاتیەک بەناوی محەمەد حاجی سەعید شەهید بوو.

رۆژی 8ی ئاداریش لە هێرشێکی ئاسمانی تورکیا بۆ سەر چیای حەوت تەبەقێی گوندی بەریسکێی سەر بە ناحیەی دینارتەی ئاکرێ، دوو هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و هاووڵاتیەکیش برینداربوو.

لەو هێرشەدا سەعید موبارەک زێباری تەمەنی 41 ساڵ، خێزاندار و پیشە پێشمەرگە لەگەڵ ئاراز فەرەج حاجی تەمەن 29 ساڵ خێزاندار شەهیدبوون و هاووڵاتیەکیش بەناوی ساڵح موبارەک زێباری کە ئەویش پێشمەرگەیە برینداربووە.

ئەو سێ هاووڵاتیە بە مەبەستی کۆکردنەوەی گیای بەهارە روویان لەو شاخە کردبوو.

لە لەکاتژمێر 6:45 خولەکی سەر لە ئێوارەی 20ی شوباتیش فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆردوومانی “چیای سیارێ”یان لە گوندی کافیا لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ کرد. لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا، دوو هاووڵاتی مەدەنی بە ناوەکانی “عارف تەها تەمەن 61 ساڵ” و “ بەشیر عومەر عەلی تەمەن 68 ساڵ”  شەهیدبوون. هەردوو شەهیدەکە پێشمەرگەی خانەنشین بوون.

بەم پێیە لەسەرەتای ئەمساڵەوە شەش هاووڵاتی مەدەنی هەرێم بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە شەهیدبوون، بەڵام حکومەتی هەرێم هیچ کاردانەوە و ناڕەزایەتیەکی دەرنەبڕیوە.

بە گوێرەی ئامارەکانی تیمی کوردستانی- عێراقی سی پی تی، لە ساڵی 2015ەوە تورکیا نزیکەی 250 بۆردومان و هێرشی ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە و بەهۆیەوە 156 هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و نزیکەی 230 هاووڵاتی مەدەنیش برینداربوون.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this