تائیستا هەرێم هیچ بڕە پارەیەكی لەداهاتی ناوخۆ رادەستی عێراق نەكردووە و بەغدا مووچەش نانێرێت

0
484

SNN-عەلی حەمە سەعید

لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم باس لەوەدەكەن كە نازانن هۆكاری نەناردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێم بۆچیدەگەڕێتەوە، بەڵام بەرپرسێكی باڵا لەوەزارەتی دارایی هەرێم جەخت لەوەدەكاتەوە تائێستا حكومەتی هەرێم یەك دیناری لە داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەستی بەغدا نەكردووە، هەر ئەوەش هۆكاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەبەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم بە SNNدراون ئەوەخراوەتەڕوو، لەسەردانی شاندەكانی هەرێم بۆ بەغدا و گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق بە ڕوونی ئەوە بەشاندی هەرێم وتراوە كە پێویستە پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق ببن و داهاتی ناوخۆی هەرێم لە نەوتی و نانەوتی بگەڕێننەوە بۆ بەغدا لەبەرامبەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو شاندانەی كە دەچنە بەغدا بەڵێن دەدەن بە لایەنی عێراقی كە پابەند بن بەبڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، بەڵام كاتێك دەگەڕێنەوە هەرێم لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمەوە گوێ‌ لەداواكارییەكانیان ناگیرێت و ئامادەنین بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی وەك خۆی جیبەجێ بكەن.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، وابڕیارە لەم هەفتەیەدا جارێكی دیكە شاندێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكاتەوە لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران، بەڵام تا ئەوكاتەی حكومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆ ڕادەستی عێراق نەكات بەغدا ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەك ڕەوانەی هەرێم بكات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this