“لە بانكی ناوەندی ژمارە حسابی بۆ داهاتی هەرێم كراوەتەوە بەڵام یەك دیناری تێدانییە”

0
387

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، بەمەبەستی ڕادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم بە وەزارەتی دارایی عێراق، لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق ژمارە حسابییەك بۆ داهاتی هەرێم كراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم هیچ بڕە پارەیەكی وەك داهاتی ناوخۆی هەرێم نەخستووەتە سەر ئەو ژمارە حسابییە، یەكێك لە مەرجەكانی بەغداش بۆناردنی پارەی مووچە ڕادەستكردنی داهاتی ناوخۆیە.

بەگوێرەی ئەوزانیارییانەی كە لە بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم بە SNNدراون ئەوەخراوەتەڕوو، وەزارەتی دارایی هەرێم ڕازیبووە كە لە بانكی ناوەندی هەرێم ژمارەحسابییەك بۆ ڕادەستكردنی داهاتەكانی ناوخۆ لە نەوتی و نانەوتی بۆ بكرێتەوە، هاوكات ژمارە حسابییەكە كراوەتەوە بەناوی حكومەتی هەرێمەوە، بەڵام تا ئێستا یەك دینار لە داهاتی ناوخۆ نەخراوەتە سەر ئەو ژمارە حسابییە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، چاوەڕوان دەكرێت حكومەتی هەرێم 100 ملیار دینار وەك نیوەی داهاتی ناوخۆی دەروازە سنورییەكان و باج بۆ مانگەكانی شوبات و ئازاری ئەمساڵ بخاتە سەر ئەو ژمارەحسابیەی لە بانكی ناوەندی بۆی كراوەتەوە، بەڵام دیارنییە ئاخۆ وەزارەتی دارایی عێراق بەو بڕە پارەیە ڕازی دەبێت یاخود داوای بڕێكی زیاتر لە پارەی داهاتی ناوخۆ دەكات.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، حكومەتی هەرێم زۆر گرنگ نییە بەلایەوە كە داواكارییەكانی وەزارەتی دارایی و حكومەتی عێراق و تەنانەت بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیش جیبەجێبكات، بەڵكوو تەنها كات دەكوژێت، لەكاتێكدا وەزارەتی دارایی عێراق مەرجی بۆ هەرێم داناوە بە ڕادەستكردنی داهاتی ناوخۆ و هەروەها بە بانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران پاشان ئامادەیە بە بێگرفت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this