زانیاری نوێ‌ لەسەر بڕی كوتهێنان لە بودجە و نرخی خەمڵێندراوی بەرمیلێك نەوت لە بودجە بۆ ئەمساڵ

0
505

SNN-عەلی حەمە سەعید

ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات بەگوێرەی ئەو خشتەی داراییەی لە بودجەی گشتی عێراق هاتووە بۆ پەرلەمان بڕی زیاتر لە 64 تریلیۆن دینار كوتهێنان هەیە و هاوكات نرخی بەرمیلێك نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەكۆی 211تریلیۆن بڕی زیاتر لە 20 ترلیۆنی وەك پشكی هەرێم دیاركراوە.

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: وابڕیارە دوانیوەڕی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر پەسەندكردنی هەمواری پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2024 بەڕێوەبچێت ئەگەر نیسابی یاسایی پەرلەمانتار تەواو ببێت، بەگوێرەی خشتەكەش كە بەدەستمان گەیشتووە لە لیژنەی دارایی قەبارەی خەرجی خەمڵێندراو زیاترە لە 211 ترلیۆن دینارە، لەو بڕە پارەیەش بڕی زیاترە لە 64 ترلیۆن دینار كورتهێنان هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بودجەی ئەمساڵ تەنها خشتەی داهات و خەرجی لەخۆدەگرێت بە بڕی خەرجی زیاتر لە 211 ترلیۆن دینار و مانەوەی دەقی ماددەكانی بودجەی ساڵی 2023 لە چوارچێوەی یاسای بودجەی سێ ساڵە كە ساڵی ڕابردوو پەسەندكرا، هاوكات پشكی هەرێم لەگەڵ بڕی تەرخانكراو بۆ تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم نزیكەی 20 ترلیۆن و 910 ملیار دینارە، لەو بڕەش بڕە زیاتر لە 11 ترلیۆن و نیوی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخانكراوە و جیاكراوەتەوە لە خەرجی فیعلی.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، یەكێك لە سەرچاوەكانی پارەداركردنی كورتهێنان زیادەی نرخی فرۆشتنی نەوتی خاوە كە بە 70 دۆلار بۆ یەك بەرمیل خەمڵێندراوە لە بودجە و چاوەڕواندەكرێت بە تێكڕا نرخەكەی لە ئەمساڵدا 80 دۆلار بێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this