دارا سێکانیانی: حکومەت لەمپەر لە بەردەم مووچە دروست دەکات

0
1352

SNN

دارا سێکانیانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: حکومەت لەپێناو ئەوەی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەر لە “هەژماری من” تۆمار بکرێن لەمپەر لەبەردەم مووچە دروست دەکات، باسی لەوەشکرد، حکومەت ستەم لە هێزە ئەمنییەکانیش دەکات و ئامادەیە زانیارییەکانیان بداتە بانکێکی ئەهلی، بەڵام ئامادە نییە هەمان ئەو زانیارییانە بداتە حکومەتی عێراق.

سەبارەت بە مووچەی مانگی شەش دارا سێکانیانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی زۆر روونە، هەردوو حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی پابەند کردووە بەوەی مووچە بدرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم بەردەوام گرفتی بۆ دروست دەکات”.

روونیشی کردەوە، لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیدا هاتووە کە هەردوو حکومەت پابەندکراون مووچە دابەش بکەن بە مەرجێک داهات رادەست بکرێت، تەوتین بکرێت و لیست رەوانە بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم هەر سێ قۆناغەکە وەک پێویست جێبەجێ ناکات، لەئێستادا کاری وەزارەتێک هاتووەتە سەر ئەوەی لیستی مووچە، بەڵام هەموو کات بە دواکەوتنەوە رەوانەی دەکات و بەو پێیەش لەوێوە رەوانەکردنی مووچە دوادەکەوێت، دواجار مووچە دێت، بەڵام دەبێت حکومەتی هەرێمیش ئەو مەرجانە جێبەجێ بکات”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد، “حکومەتی هەرێم یاری بە کات دەکات، بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەر لە هەژماری من تۆمار بکرێن، ئامانج لە مەش دەستکەوتنی داهاتێکە کە هێندەی بۆ لایەنی تایبەتە هێندە بۆ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم نییە”.

دارا سێکانیانی لەبارەی وادەی دابەشکردنی مووچەش لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری SNNرایگەیاند: “حکومەتی هەرێم تائێستا لیستی مووچەی مانگی شەشی رەوانە نەکردووە، کاتێک رەوانە بکرێت لەوێش پرۆسەی وردبینی و رێکارەکانی وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندیش چەند رۆژێک دەخایەنێت، بەڵام دواجار رەوانەی دەکات، بۆیە کاتەکەی دیاری نییە.”

دەربارەی کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش وتی، “حکومەتی هەرێم ستەم لەو خەڵکە دڵسۆزەش دەکات کە لەناو هێزە ئەمنییەکاندان، حکومەتی عێراق داوای لیستی مووچەکانیان دەکات، بەڵام حکومەتی هەرێم دەڵێت کۆد دەنێرم، کۆدەکەش کە رەوانەی حکومەتی عێراقی دەکات جیاوازە لەوەی لەبەردەستی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری داراییدا هەیە. ئەمەش وەک مەتەڵی لێهاتووە، حکومەتی هەرێمی ئامادەیە داتا و زانیاری هێزەئەمنییەکان بە وردی رادەستی بانکێکی ئەهلی بکات، بەڵام ئامادە نییە ئەو زانیاریانە بداتە حکومەتی عێراق کە خۆی تیایدا بەشدارە و سەرۆککۆمار کوردە، جێگری سەرۆک وەزیران و جێگری وەزیری دارایی کوردە و لە پشکی پارتیە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this