سەرەڕای ئەوەی هەرێم پابەند نییە بە تەوتینی مووچە پابەندیش نەبووە بە گێڕانەوەی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا

0
470

SNN-عەلی حەمە سەعید

لەگەڵ ئەوەی دادگای فیدراڵی بە بڕیارێك هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی پابەند كردووە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، بەجۆرێك عێراق پارە ڕەوانەی هەرێم بكات و هەرێمیش داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆ بەغدا بگێڕێتەوە و تەوتینی مووچەش بكرێت، بەڵام تا ئێستا هەرێم پابەند نەبووە بەو بڕیارانەی دادگا.

داراسێكانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: پابەند نەبوونی حكومەتی هەرێم بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەداهاتوودا لێکەوتەی زۆر خراپی بۆ سەر هەرێم دەبێت و هێندەی دیكە دەستەڵات و بڕیارەكانی هەرێم بچوك دەكاتەوە، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق پابەند بووە بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

بەگوێرەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەبوو حكومەتی هەرێم مانگانە داهاتی ناوخۆ لە نەوتی و نانەوتی بۆ بەغدا بگێرێتەوە كە بڕەكەی زیاد لە 250 ملیار دیناری مانگانەیە، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم بە دووجار بڕێك لەداهاتی گەڕاندووەتەوە كە جارێك بڕی 70 ملیار و جارێكیش بڕی 85 ملیار دینار بووە، بەوتەی وەزارەتی دارایی هەرێم ئەو بڕەش لە %50ی كۆی داهاتی ناوخۆ بووە، لەبەرامبەردا تا ئێستا شەش مانگە حكومەتی عێراق زیاتر لە پێنج تریلۆین و 600ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە كردووە و بڕیاریشە لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا بڕی زیاد لە تریلیۆنێك و 13 ملیار دیناری دیكە بۆ مووچەی مانگی حەوت ڕەوانە بكات.

ئەندامەكەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، حكومەتی هەرێم بە گومانە لە حكومەتی عێراق، چونكە هەرێم پێی وایە كە ئەگەر پابەند بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بە گەڕانەوەی داهات و تەوتینكردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەوكات حكومەتی هەرێم هیچ ڕۆلێكی ئەوتۆی نامێنێت، بەڵام بەردەوامیدان بەم دۆخە زیاتر ڕۆڵی هەرێم لاواز دەكات نەك پابەند بوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this