پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بە مامۆستایان بەردەوامە

0
560

SNN-عەلی حەمە سەعید

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات ئەو ڕێككەوتنەی كە لەنێوان یەكێتی مامۆستایان و كۆمپانیای( باجگر) واژۆكراوە تایبەت بە پێدانی ئۆتۆمبێل بە شێوەی قیست بە مامۆستایان هەروەك خۆی ماوەتەوە و مامۆستایان دەتوانن لەڕێگەی لقەكانی یەكێتی مامۆستایانەوە و بەگوێرەی چەند مەرجێك ئەو ئۆتۆمبێلانە وەربگرن و تائێستا زیاد لە 400 مامۆستا سودمەند بوون.

عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو ڕێككەوتنەی كە لەماوەكانی ڕابردوودا لەنێوان یەكێتی مامۆستایان و كۆمپانیای (باجگر) واژۆكراوە بە پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بە مامۆستایان ئەو ڕێككەوتنە تا ئێستاش كاری پێدەكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەچەند مانگی ڕابردوو بەهۆی دواكەوتنی مووچە و گۆڕانكاری لە نرخی دینار و دۆلار وەرگرتنی ئۆتۆمبێل لەلایەن مامۆستایانەوە كەمێك خاوبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستاش هەر مامۆستایەك بەنیازی وەرگرتنی ئۆتۆمبێلە بەشێوەی قیست دەتوانێت سەردانی لقەكانی یەكێتی مامۆستایان بكەن لەشارەكان بۆ ئەوەی ڕێنماییەكانیان پێبدرێت و پاشان سەردانی كۆمپانیا بكەن بەگوێرەی مەرج و ڕێنماییەكان سودمەند ببن لە وەرگرتنی ئۆتۆمبێل بەشێوەی قیست، هاوکات لەماوەكانی ڕابردووشدا زیاد لە 400 مامۆستا لە شارەكانی هەرێم سودمەند بوون لەوەرگرتنی ئۆتۆمبێل بەشێوەی قیست.

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، مەرجی سەرەكی بە پێدانی ئۆتۆمبێل بە شێوەی قیست بە مامۆستایان ئەوەیە كە ئەو مامۆستایەی داوای ئۆتۆمبێلەكە دەكات دەبێت مووچەكەی خۆی لەسەروو یەك ملیۆن دینارەوە بێت و دوو كەفیلیش بهێنێت كە مووچەی هەردوكیان لەسەرو یەك ملیۆن و 600 هەزار دینارەوە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەو مامۆستایەی داوای ئۆتۆمبێلەكە دەكات ئەندامی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بێت و یەكێتی مامۆستایانیش پشتگیری بۆ بكات، ئەو ئۆتۆمبیلانەی كە دەدرێنە مامۆستایان لە جۆری ( جیلین) كە دوو جۆر مۆدیل لە خۆدەگرێت مۆدیلی 2021 و مۆدیلی 2023 هاوكات قیستەكانیش بەگوێرەی جۆر و مۆدێلی ئۆتۆمبێلەكە دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی لەڕووی نرخەوە بە نزیكەی هەزار دۆلار جیاوازی دەبێت لەگەڵ ئەو نرخانەی كە بەهاووڵاتی ئاسایی دەدرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this