پەرلەمانتارێكی یەكێتی دڵنیایی دەدات لەسەرناردنی مووچەی سێ‌ مانگی ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش

0
315

SNN-عەلی حەمە سەعید

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، ئەو پرۆژەیاسایەی كە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە بۆ ماوەی سێ‌ ساڵ كاری پێدەكرێت و سێ مووچەی كۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بێ كێشە دەنێرێت و ناردنی پارەش لە ساڵی داهاتوو بەردەوامی دەبێت.

د. نەرمین مەعروف، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەSNNی ڕاگەیاند: ئەو دەنگۆیانەی باس لە نەناردنی سێ مووچەی كۆتایی ئەمساڵ دەكەن راست نین و تەنها بۆ دروستكردنی دڵەڕاوكێیە لەناو مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم، چونكە وەزارەتی دارایی عێراق بڕی پارەی پێویستی بۆ مووچەی سێ‌ مانگی ئەمساڵی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی كوردستانی تەرخانكردووە و هیچ گرفتێك لەئارادا نییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو پرۆژە یاسایەی كە تایبەت مووچە و بودجەی عێراق و هەرێمی كوردستان و لە پەرلەمانی عێراق پەسەندكراوە بۆ ماوەی سێ‌ ساڵی كاری پێدەكرێت، بۆیە لە بودجەی 2025ـدا پشكی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان جێگیر كراوە و كێشەی نابێت و ناردنی پارەی مووچە لە ساڵی ئایندەش بەردەوامی دەبێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی دارایی عێراق لە چاوەڕوانی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە بۆ ئەوەی پارەی مووچەی مانگی 10 خەرجبكات و هیچ گرفتێك بۆناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەران لە ئارادا نییە چونكە ئەوە بڕیاری دادگای فیدراڵییە كە دەبێت پارەی مووچە مانگانە ڕەوانە بكرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this