تێچووی سوێندخواردنی ترەمپ 170 ملیۆن دۆلارە

0
71

SNN

ڕۆژی دووشەممە، 20-01-2025، رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، 47ـەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت.

ترەمپ، دوای چوار ساڵ جارێکی دیکە وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەگەڕێتەوە كۆشكی سپی و لە رێورەسمێکی گەورەدا سوێندی یاسایی دەخوات و وەك 47ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا دەست بە کار دەبێت.

پڕۆسەی دەستبەکاربوونی سەرۆکی ئەمەریکا نەریتییە نەك لە دەستووردا هەبێت، تەنیا سوێندخواردنەکە لە دەستووردا هاتووە و لە 20ـی کانوونی دووەم بەڕێوە دەچێت.

لە سەرەتای رێوڕەسمی دەستبەکاربووندا، سەرۆکی هەڵبژێردراو سەردانی کڵێسای “سەینت جۆن” دەکات و دواتر دەچێتە کۆشکی سپی، لەوێوە لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکە ڕوو لە کۆنگرێس دەکەن.

بە گوێرەی لیژنەی هاوبەشی کۆنگرێس کە سەرپەرشتیی پڕۆسەکە دەکات، زیاتر لە 220 هەزار بلیتی بێبەرانبەر بۆ ئامادەبوون لە ڕێورەسمەکەدا دابەش دەکرێت.

چەند سەرۆکێکی پێشوویی ئەمەریکا، سیاسەتمەدار و بازرگانی گەورەی ئەو وڵاتە لە رێورەسمی سوێندخواردنەکە بەشدار دەبن. هەروەها هەریەکە لە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، سەرۆکی ئەرجەنتین، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، شاندی هیندستان، شاندی چین و چەندین وڵاتی دیکەش بەشدار دەبن.

سەرۆکی هەڵبژێردراو و جێگرەکەی لە باڵەخانەی کۆنگرێس بە سەرپەرشتیی سەرۆکی دادگەی باڵای ئەمەریکا سوێندی یاسایی دەخۆن و لە نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەوە دەست بە کار دەبن.

ترەمپ ئـــەوەی خستە ڕوو، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ئاستێکی مەترسیدار، رێوڕەسمی سوێندخواردنەکە لە ناوەوەی باڵەخانی کۆنگرێس بەڕێوە دەچێت.

دوای واژۆکردنی چەند بەڵگەنامەیەك و بەڕێوەچوونی نمایشێکی سەربازی و پێشکەشکردنی یەکەم گوتار، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و خانمی یەکەمی وڵاتەکە بەیەکەوە لە رێپێوانێکدا دەگەڕێنەوە بۆ کۆشکی سپی.

بەگوێرەی کۆمەڵەی پاسەوانی نیشتمانیی ئەمەریکا، نزیکەی 25 هەزار کارمەندی هێزی ئەمنی و پاسەوانی نیشتمانی نزیکەی 40 ویلایەت لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی هەڵبژێردراو لە واشنتنی پایتەخت ئەرکدار دەکرێن.

تێچووی رێوڕەسمەکە لەلایەن لیژنەی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپەوە سەرپەرشتی دەکرێت، مەزندە دەکرێت لیژنەکە تا ئێستا زیاتر لە 170 ملیۆن دۆلاری بۆ رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ کۆکردبێتەوە و ژمارەیەکی پێوانەیی لە مێژووی ئەمەریکا تۆمار کردووە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this