“نیوە مەنهەج و نیوەدەوام کاریگەری نەرێنی لەسەر خوێندکار هەیە و چارەسەر ناکرێ”

0
449

SNN-

لەگەڵ زەنگی یەکەم رۆژی دەستپێکی وەرزی دووەمی خوێندن، بەشێک لە مامۆستایانی سنوری شاری سلێمانی زەنگی بایکۆتکردنیان لێدا، ئەمەش زیانێکی زۆر بە پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن و خوێندکاران دەگەیەنێت.

ڕەنگین نوری، ڕێنمایکاری پەروەردەی دەڵێت، “چەندین ساڵە نیوە مەنهەج و نیوەدەوام کاریگەری زۆر نەرێنی بەرچاوی لەسەر خوێندکار هەیەو چارەسەریش ناکرێ”.

ڕەنگین نوری عزیز، رێنمایکاری پەروەردەی و دەروونی لەم بارەیەوە بە SNN-ی راگەیاند، بایکۆت کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر خوێندکاران، کە کاریگەرییەکانی لە داهاتوو دەردەکەوێت لەسەر بارودۆخی دەرونی و جەستەییان، لە ئەنجامی بایکۆتی مامۆستایان و داخستنی دەرگاکانی خوێندنگا “جیلێکی دەرون نائارام و شڵەژاو جەستە ناتەندروست” بەرهەمدێت.

بەهۆی ئەوەی خوێندن نییە سەرقاڵیان بکات و فێربن، کتێب ناخوێننەوە و نوسینیان باش نییە، جێگرەوەی ئەمانە بەهۆی هەبوونی کاتێکی بەتاڵی زۆر کردار و قسەی ناتەندروست و نابەجێ فێردەبن، وەک ڕەنگین باسی کرد.

لەنجە ئەحمەد مامۆستایەکی شاری سلێمانییە لەبارەی کاریگەری بایکۆت لەسەر پرۆسەی خوێندن بە SNN-ی وت، بەراورد بە ساڵانی رابردوو خوێندکارانی ئەمساڵ لە رووی خوێندن و پەروەردە و فێرکردن لەئاستێکی زۆر لاوازدان، ماوەی 10 ساڵە بەردەوام ساڵانە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکرێت، “نزیکی نیوەی ئەو مەنهەجە خوێندراوە کە دیاریکراوە بۆ وەرزی یەکەمی خوێندن”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هیچ کات لەگەڵ بایکۆتکردن نەبووە، چونکە تەنیا خوێندکار زەرەرمەند نییە، بەڵکو کاردەکاتە سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و هاوڕێتی نێوان مامۆستاکانیش ناتوانن کاری پێکەوەی بکەن بۆ بەرەو پێشبردنی کەرتی پەروەردە، هەروەها هەرگیز پچڕانی پەیوەندی خوێندکار بە پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن ئەو ماوە لەدەستچووە قەرەبوو ناکرێتەوە.

دڵشاد میرانی، ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە بارەی بایکۆت بە SNN-ی راگەیاند:”ئێمە بەردەوامین لە بایکۆتکردن، تاوەکو ئەوکاتەی 30 رۆژ جارێک مووچەکانیان وەردەگرن و بەپێی بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى تەوتینى موچەکانیان بکرێت و پلەبەرزکردنەوەکانیشیان کە 10 ساڵى راگیراوە، دەستپێبکاتەوە، پێدانی ئەو مووچەیەی “بەغدا ناردویەتی و حکومەتی هەرێم بە بارمتەی گرتووە”.

وتیشی، بایکۆت بابەتێکە حکومەت دروستی کردووە مامۆستایان و فەرمانبەران پێی دڵخۆشنین و ناچارن بەهۆی بێ مووچەی و گوزەرانی خراپ، “ئەشزانین تەنیا منداڵی فەقیر و هەژار زەرەر مەندن” بەرپرسیارێتییەکەشی دەخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێنەدانی مووچەکانیان.

هاوکات ڕەنگین نوری وتی، مامۆستاش بەبێ مووچە ناتوانێت دەوام بکات، پێویستە کۆمەڵگە یەک ئاڕاستەبن بۆ باشترکردنی بارودۆخەکە.

لەسەر بایکۆتکردنی خوێندن لە سنوری پەروەردەی سلێمانی SNN پەیوەندی بە بەرپرسانی پەروەردە لەو سنوورەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوون قسەی لەسەر بکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە مانگی یەک چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە و هێشتا مامۆستایان و فەرمانبەران مووچەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو، مانگی یەکی ئەمساڵیشیان وەرنەگرتووە، ماوەی 10 ساڵیشە بەهۆی بایکۆتی بەردەوام لە پڕۆسەی خوێندنی هەرێمی کوردستان پرۆسەی خوێندن پەکخراوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this