کاریگەری کەمبارانی ئەمساڵ لەسەر بەرهەمی جوتیاران
“جارێ کات ماوە ناتوانین بڵێن وشکەساڵییە”

0
359

SNN-

فەلاح ئەحمەد، جوتیارێکی دەشتی شارەزورە، سەرباری کەمی باران بارین وشکبوونی زەویەکەی ئەو هێشتا بە ئومێدەوەیە و دەڵێت: “جارێ کات ماوە ناتوانین بڵێن وشکەساڵییە خۆمان ئاوی هەندێک لە بەرهەمەکان دەدەین”.

بە هۆی کەمی باران بارینەوە لە کاتێکدا لە ناوەڕاستی وەرزی زستانداین هاووڵاتییان بە گشتی و جوتیاران بە تایبەت نیگەرانن ئەمساڵ وشکەساڵی روو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات.

فەلاح ئەحمەد، جوتیارێکی گوندی کوڵکنی قەزای شارەزوورە و بە SNN-ی وت: “جارێ کات ماوە ناتوانین بڵێن وشکەساڵییە، بەڵام کاریگەری زیانەکانی دواکەوتن و کەمی باران بارین دەرکەوتوون، بەتایبەت لەسەر کەمبوونەوە و وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکان، زۆرێک لەکانی و رووبارەکان وشکیان کردووە”.

بەپێی ئامارێک لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن کە دەست SNN کەوتووە تێیدا هاتووە، بڕی باران بارینی 2024- 2025 تاوەکو ئەمڕۆ یەکی شوباتی ئەمساڵ بەجۆرێک بووە لە هەڵەبجە زۆرترین ڕێژەی باران باریوە کە 254,9 ملم بووە، سلێمانی 209 ملم بووە، هەولێر 67.1 ملم، کەرکوک 89.7 ملم ، دهۆک 38,4 ملم بووە.

لەم بارەیەوە دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بە SNN-ی راگەیاند: “لەم وەرزەدا باران بارین دوا کەوتووە و پێ دەچێت ساڵێکی کەم باران بێت تاوەکو ئێستا، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەرزی باران بارین کۆتایی نەهاتووە ئەگەری دابارین لە وەرزی بەهاردا هەیە”.

“ئێمەی جوتیار لەبارو دۆخێکی زۆرناخۆشداین چونکە ئێستە وەرزی گەنم و پاقلە و نۆکە ئەم بەروبومانەش زۆر پێویستی بەبارانە، بەراورد بە ساڵی رابردوو باران زۆر کەم باریوە، بۆیە ناچارین خۆمان هەندێک لە بەرهەمەکانمان ئاو بدەین، لەشارەزوور بەهۆی ئەوەی ئاوی باشە خۆمان ئاودانی بۆدەکەین، بەڵام لە ناوچەیەکی وشک و بێ ئاو کێشەکە گەورەتر دەبێت ئاستەنگی زیاتریان بۆ دروست دەبێت”، وەک جوتیارەکە باسی کرد.

دەشڵێت “ئەمساڵ ناوچەكانی شارەزوور و هەڵەبجە و سلێمانی تا رادەیەك باشە و بارانی لێ باریووە و پەڵەشی داوە، بەڵام بەگشتی باران كەم باریووە و گەنم و جۆی جووتیاران پێویستی بەو بڕە زیاترە بۆ ئەوەی گەشە بكات و كاریگەریی خراپی لەسەر دروست نەبێت”.

جووتیاران دەڵێن كە دواكەوتنی باران و كەمبارانیی ئەمساڵ، دووجار زیانی بە گەنم و جۆ و تۆوەكانیان گەیاندووە، باس لەوە دەكەن كە ئەگەر تا ناوەڕاستی ئەم مانگە باران لە چەند ناوچەیەك نەبارێت، مەترسی لەسەر بەرهەمی گەنم و جۆ دەبێت و رەنگە لە چەند ناوچەیەك گەنم تیا بچێت، زیانی زۆریش بە گەنمی چەند ناوچەیەكی ديکە بگەیەنێت.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی باسی لە کاریگەری کەم بارانی لەسەر بەرهەمی گەنم بۆ SNN کرد و دەڵێت، “ئەگەر ڕێژەی باران بارین بەم شێوەیە بەردەوامبێت سەوزبوونی گەنم لە مەترسیدایە چونکە گەنم تینووە”.

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی وتیشی، ڕێژەی باران بارینی ئەم ساڵ بۆ کشتوکاڵ نەگونجاوە، لە سلێمانی ڕێژەکە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام ئەم مەترسییە زیاتر لەسەر گەنمە، چونکە بەرهەمی گەنمی جوتیاران لە پێدەشتەکانە، ئەو ناوچانەی تێیدا دەڕوێندرێت باران بارین تێیدا زۆر کەم بووە بەراورد بە ناوچە شاخاوییەکان کە گەنمی تێدا بەرهەم ناهێنرێت.

هاوکات، بە پێی ئامارێکی بڵاوکراوەی کەشناسی کشتوکاڵی سلێمانی، لە پارێزگای سلێمانی ئەم ساڵ ڕێژەی باران بارین تاوەکو 20-1-2025 بەراورد بە ڕێژەی باران بارینی ساڵی پار تاوەکو 20-1-2024 ڕێژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

تەیفور کەمال، جووتیارێكی ترە و بە SNNی وت، باران كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گەنم و جۆی جووتیاران هەیە، جووتیاران لەم كاتەدا چاوەڕێی رەحم و بەزەیی خودای گەورەن بۆ ئەوەی باران ببارێنێت و خەڵك و جووتیارانیش لەو دڵەراوكێیە رزگاریان بێت.

تەیفور دووپاتی كردەوە، مەترسیی هەیە بەهۆی بێبارانییەوە گەنمی جووتیاران لەناو بچێت، لەم كاتەی ئێستەش زیان بە گەنمی جووتیاران كەوتووە بەهۆی ئەو سەرمایەی كە هەیە، سەرماكەش لە ئەنجامی كەمبارانییە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this