
دوكانێكى فرۆشتنى زێڕ له سلێمانى/ فۆتۆ: SNN
SNN-
کانزا ڕەنگ زەردە بەهادارە جیهانییەکە (زێڕ) هەزاران ساڵە وەکو پاشای کانزاکان عەرشی جیهانی بەرنەداوە، نرخی ئەوەندە روو لەهەورازە کەم کەس بوێری ئەوەی هەیە خۆی لەقەرەی کڕینی بدات، کاتێک باسی هاوسەرگیریش دەکرێت یەکسەر گەنجان ترسیان پێوەدیارە لەبەر بەرزی نرخی زێڕ.
سۆزی کەریم، کچێکی تازە دەستگیراندارەو باس لەوە دەکات لەگەڵ دەستگیرانەکەی مارەبڕینو ئاهەنگیشیان تەواو کردووە، بەڵام بەهۆی گرانی نرخی زێڕ کڕینی زێریان دواخستووەو چاوەڕوانن نرخەکەی بەرەو دابەزین بچێت پاشان بیکڕن، هەروەها بەو هۆیەشەوە گواستنەوەیان دواخستووە، هەروەها بۆ SNN وتیشی، “من لەبەر ئەو بارودۆخە تەنها هەشت مسقاڵ زێڕم کردووە، کە ئەمەش بڕێکی کەمە بەڵام گرانی زێڕ وادەکات کچان لەوە کەمتریش بکەن بۆ بارودۆخی ئێستا”.
لەم بارەیەوە دلێر تاهیر، سەرۆکی کۆمەڵەی زەڕەنگەرەکانی سلێمانی بە SNNی راگەیاند، زێڕ نرخی زۆر بەرزەو بەرزی وای بەخۆیەوە نەبینیوە لەجیهاندا، هەموو بەرزبوونەوەیەکی زێر بازاڕ ناهێڵێت.
دلێر تاهیر، وتیشی “هاوسەران لەئێستادا تەنها پێنج بۆ دە مسقاڵ زێڕ دەکەن، پێنج مسقاڵی ئێستە پارەی 20 مسقاڵی ساڵانی پێشووە، بەڵام لەپێشتردا زۆر زیاتر بوو، هەیە توانای نییە دێت پرسیار ئەکاتو دەڵێت بتوانی یارمەتیم بدەی بزانم دانەبەزیەوە تەلەفونێکمان بۆ بکەی بیکڕین، هەیە مارە کراوە، بەڵام کڕینی زێڕەکانی دواخستووە تا دادەبەزێت، هەیە داوا دەکات کە نیوەی پارەکە بداتو دواتر نیوەکەی تر بدات، بۆیە لەئێستادا هەندێک کەس بەئەڵقەیەک هاوسەرگیری دەکەنو بەتایبەتی لەسلێمانی گوێنادەن بەزێڕەکە وەک شارەکانی تر”.
لە ئێستادا، هێشتا ناو بازاڕی زەڕەنگەرەکان قەرەباڵغی و جموجۆڵی پێوەدیارە، دەبینین ژنان و کچان بەرامبەر شوشەی دوکانەکە راوەستاون تەنیا سەیر دەکەن پێناچێت هیچ بکڕن، کاژان نەسرەدین کە هاتبوو پارچەیەک زێڕ بکڕێت وتی، “ماوەیەکی زۆربوو سەیری نرخی زێڕم نەکردبوو بەڵام ئەمرۆ کە هاتم زانیم نرخەکەی زۆر بەرز بۆتەوە، بڕیارمدا نەیکڕم و چاوەڕوانبم تا نرخەکەی دادەبەزێت”.
“ئەوەی ئێستا رۆژانە دەیبینین خەڵک بەس پرسیار دەکات و نایکڕێت، زێڕ کڕین بۆ خۆڕازاندنەوەو بووک هەڵگرتن زۆر کەم بووەتەوە، ئەگەر پێشتر لە مانگێکدا 10 بووک هەبووبێت ئێستا سێ بووک زێڕ دەکڕن”، وەک سەرۆکی کۆمەڵەی زەڕەنگەرەکانی سلێمانی وتی.
ئازاد عومەر زەڕەنگەرێکی شاری سلێمانییە، ئاماژە بەوەدەکات، بازاڕی فرۆشتنی زێڕ بە ڕێژەی %80 فرۆشیان کەم بۆتەوە، نەک تەنیا بەهۆی گرانی نرخی زێڕ، بەڵکو هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە ئابوریە خراپەی بەشێوەیەکی گشتی خەڵکی پێوەی دەناڵێنن، وتیشی، زێڕ پەیوەندی راستەوخۆی بە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە هەیە، “بێگومان گەنجێک باری ئابوری باش نەبێت پڕۆسەی هاوسەرگیری پێک ناهێنێت”.
لەم بارەیەوە د.محەمەد پێنجوێنی سەرۆكی لیژنەی فتوای سلێمانی بە SNNی راگەیاند، مارەیی لە قورئانی پیرۆزدا دانراوە بە دیاری، ئەو كوڕە دەیبەخشیت بەئافرەتەكە، لە بەرانبەر ئەو پرۆسەیەی دەیەوێت دروستی بكات بۆ ئەوەی بەڵگە بێت لەسەر ئەوەی دەیەوێت لەگەڵ ئەم ئافرەتە هاوسەرگیریی بكات لەسەر بنەمایەكی دروست، بۆیە پێویستە کچان توانای ماددی ئەو کەسە لەبەرچاو بگرن کە دەیانەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ بکەن بەو پێیە داوای زێڕ بکەن.
ئاماژەی بەوەش كردووە، نابێت هاوسەران بە گوێرەی بڕی زێڕ نرخ بۆ یەکتر دابنێن، لە ساڵانی حەفتاكاندا زانایانی عێراق مارەییان كرد بە دوو بەشەوە، بەشێكیان بەحازر دانا و بەشەكەی تریان بە قەرز، ئەمەش بۆ ئاسانكاریی هاوسەران بوو.
سەرۆكی لیژنەی فەتوای سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ڕووی شەرعەوە بڕی مایەی بۆ كچان دیاری نەكراوە و دەتوانرێت زیو یان زێڕ ،یان برنج یان خواردن یاخۆ هەر شتێكی تر بكرێتە مارەیی بۆ كچان.
بە پێی ئەو زانیاریانی دەست SNN کەوتووە، بۆ مانگی 2-2015 نرخی زێڕ بەم شێوەیە بووە:
1مسقال زێڕی عەیار 18 = 190,500 دینار
1مسقال زێڕی عەیار 21 = 222,250 دینار
1مسقال زێڕی عەیار 24 = 254,000 دینار
هەروەها نرخی زێڕ بۆ ئەمرۆ 17-2-2025 نرخی زێڕ بەم شێوەیە دیاریکراوە:
1مسقاڵ زێڕی عەیار 18=525,000 دینار
1مسقاڵ زێڕی عەیار 21=613,000 دینار
1مسقاڵ زێڕی عەیار 24=700,000 دینار
شارەزایانی ئابووری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە چەند ساڵی رابردوودا دەگەڕێننەوە بۆ، ناسەقامگیربوونی دۆخی جیهان لەدوای ڤایرۆسی کۆرۆنا و جەنگی نێوان روسیاو ئۆکراین، ئیسرائل- حەماس، لەسەروی هەموویانەیەوە ناکۆکی ئەمریکا و چین هۆکارەکانی هەڵبەزو دابەزی نرخی زێڕن، ئەمەش وایکردووە، زۆربەی وڵاتان پلانی پشتبەستن بەدۆلار وەکو یەدەگی نیشتمانی خۆیان بگۆڕن بە زێڕ، تەنیا لەساڵی 2023 زیاتر 10 وڵات بونیادی یەدەگی نیشتمانیان بەزێڕ پەرەپێداوە، پەیوەندی زێڕ و دۆلار پەیوەندیەکی پێچەوانەیە، واتا کاتێ نرخی دۆلار یان خواست لەسەر دۆلار زیاد ئەکات، نرخی زێڕ دێتە خوارەوە.
هەر لەم بارەیەشەوە، پارێزەر سیامەند عبداللە جەختی کردەوە گرانبوونی نرخی زێڕ کاریگەری لەسەر پێکەوەژیان و دروستکردنی پەیوەندی هاوسەرگیری هەیە، بۆ SNN باس لەوەدەکات، کەیس هەیە ئەو کاری لەسەر دەکات، “بەهۆی گرانی نرخی زێڕ لە کاتی دەستگگیرانیدا زێڕی بۆ نەکردووە، دوای گواستنەوەش توانای ماددی نەبووە بۆی بکات ئێستا کێشەکەیان گەیاندۆتە دادگاو دەیانەوێت جیا ببنەوە”.
هاوکات سیامەند عەبداللە ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر پرۆسەی جیابوونەوەی هاوسەران بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ توانیویەتی کاریگەری ئەرێنی دروست بکات، چونکە کاتێک دوو هاوسەر کێشەیان دەبێت بیر لە جیابوونەوە و کۆتایهێنان بە پەیوەندییەکەیان ناکەنەوە.
هەواڵی زیاتر
-
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
18كاتژمێر لهمهوپێش -
عەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
19كاتژمێر لهمهوپێش -
دووەمین کۆڕبەندی ئابورى نێودەوڵەتی دێلفی لەسلێمانی دەبەسترێت
20كاتژمێر لهمهوپێش -
مارکۆ ڕۆبیۆ: “مۆندیال بۆ ئەندامانی سوپای پاسداران قەدەغەیە”
21كاتژمێر لهمهوپێش
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
-
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
18كاتژمێر لهمهوپێش -
عەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
19كاتژمێر لهمهوپێش -
دووەمین کۆڕبەندی ئابورى نێودەوڵەتی دێلفی لەسلێمانی دەبەسترێت
20كاتژمێر لهمهوپێش
بنکۆڵکاری
-
هەولێر شاری باڵەخانە بەرزەکان بەڵام بێ ژێرخان
كانونی دووهم 5, 2022 -
بڵاوبوونەوەی ڤيديۆی سێکسی لە تۆڕەکۆمەڵايەتييەکاندا
تهمموز 6, 2021








