
ماتۆرسکیل
SNN
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم چەند بڕیارێکی تایبەت بە ماتۆڕسکیلەکان دەرکرد و رایگەیاندووە، هاتوچۆی پارێزگاکانمان راسپاردووە دەست بەسەر هەر ماتۆڕسکیلێکدا بگرن کە بە دەنگەکانیان خەڵک بێزار دەکەن.
دەقی راگەیەنراوەکە:
لێژنەی باڵای پەرەپێدانی هاتوچۆ ژمارەیەک بابەتی گرنگ تاوتوێ دەکات
لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، رۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ٨ی نیسانی ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتی هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوان و ئامادەبوونی لیوا دیدار عومەر قادر بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت و بەڕێوەبەری هاتوچۆکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرانی بەشی مۆڵەت و سەرپەرشتیارانی هۆبەکانی مۆڵەتی شوفێری، کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک بابەتی گرنگ و پەیوەست بە سەلامەتی هاووڵاتیان تاوتوێکرا.
بابەتی یەکەم تایبەت بوو بە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ و سەلامەتی رێگاوبان بەسەر هەموو شوفێران و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەوانەی سەرکێشی دەکەن و پابەندی پاراستنی مافەکانی بەکارهێنەرانی شەقام نابن. هەروەها گفتوگۆ بەتایبەت لەسەر بابەتی هەبوونی ماتۆرسکیل لە سەرشەقامەکان و بەکارهێنانی بۆ گەیاندنی خواردن کرا. باس لەوە کرا کە ڕێکەوتن کراوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن کە دەست بکەن بە تۆمارکردنی ماتۆرسکیلەکانیان لە بەرێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ و هێنانی ماتۆری بێدەنگ و کارەبایی بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاو کە بوونەتە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتیان. بەڕێوەبەرانی هاتوچۆی پارێزگا و ئیدارەکان راسپێردران کە دەست بگرن بەسەر هەر ماتۆرسکیلێک کە دەستکاری دەنگی کردووە و خەڵک هەراسان دەکات، هەروەها ئەو ماتۆرسوارانەی لەسەر شەقامەکان نمایش دەکەن و سەرکێشی دەکەن، هەر ماتۆرسکیلێک تۆمارکراو نەبێت و تابلۆی نەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت. کۆبوونەوە داوای لە هاووڵاتیانی ئازیز کرد کە هەماهەنگ بن و هاوکاری حکومەت بن لە کۆنترۆڵکردنی دیاردەی ماتۆرسکیلی بێ سەرەتا و ئەو مەترسیانەی دروستی دەکەن لە ڕێی تۆمارکردنی ماتۆرەکانیان و بەکارنەهێنانی ماتۆری بێ سەرەتا. داوا دەکەین کە دایک و باوکان چاودێری منداڵەکانیان بکەن و ڕێگا نەدەن کەس بە ماتۆری تۆمارنەکراو لەسەر شەقامەکان نمایش بکات و ژیانی خۆی و خەڵکی دیکە بخاتە مەترسی. ئەو جۆرە دیاردانە بە توندی مامەڵەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت و دەست بەسەر ماتۆرەکانیان دەگیرێت. هەروەها کۆبوونەوە جەختی لە جێبەجێکردنی رێکەوتنی نێوان وەزارەت و کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن کردەوە کە پێویستە پابەند بن بەو ماوەیەی بۆیان دیارکراوە لە تۆمارکردنی ماتۆرەکانیان و هێنانی ماتۆری کارەبایی، بە پێچەوانەوە دەست دەگیرێ بەسەر ماتۆری تۆمار نەکراو و بێ تابلۆ.
کۆبوونەوە جارێکی دیکە ئاگاداری کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن دەکاتەوە کە پێویستە ماتۆرسوارەکانیان پابەند بن بە لێخوڕینی سەلامەت و خێرایی ڕێگەپێدراو. هەر ماتۆرسوارێک لە خێرایی رێگاپێدراو زیاتر شوفێری بکات و لە کامێراکان تۆمار بکرێت، کۆمپانیای گەیاندنی خواردن ناچار دەکرێت سزای دارایی بدات.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە باس کردن بوو لە دەستکەوتەکانی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی کە بوونەتەوە هۆی کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ و مردن و بریندار بوون. وەزارەت پابەندی خۆی بە دامەزراندنی کامێراکان لە هەموو کوردستان کردەوە و پرۆسەکە لە شار و شارۆچکەکان بەردەوامە. بۆ ئەم مەبەستە داوا کرا هاووڵاتیانی خۆشەویست لە پێناوی سەلامەتی خۆیان و کەسوکاریان، پابەند بن بە لێخوڕینی سەلامەت و سەرپێچی و سەرکێشی نەکەن و لە خێرایی ڕێگە پێدراو شوفێری بکەن.
تەوەری دیکە تایبەت بوو بە سیستەمی نوێی راهێنان و پەروەردەکردنی شوفێر کە چۆتە بواری جێبەجێکردن.بەمەبەستی ئامادەکردنی شوفێرێکی سەلامەت، پێویست وایە هەموو پێشکەشکارێک بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری یەکەمجار، بەشداری لە خولەکانی فێربوونی شوفێری بکات بە شێوەی تیۆری و پراکتیکی بۆ ئەوەی کە دەبێتە خاوەن مۆڵەتی شوفێری و دەچێتە سەر شەقام، ببێتە شوفێرێکی خاوەن زانیاری یاسایی و بەئاگا و هۆشیار. بەم جۆرە شوفێر دەتوانێت باشتر خۆی لە کارەسات بپارێزێ و رێز لە مافەکانی خۆی و بەکارهێنەرانی دیکەی شەقام بگرێت. کۆبوونەوە بەڕێوەبەرانی هاتوچۆی ڕاسپارد کە دەست بکەن بە دابەشکردنی فۆرم بۆ پێشکەشکارانی مۆڵەت و لە هەر شوێنێک پێداویستی بۆ دەستپێکردنی سیستمەکە هەیە، بە پەلە پێداویستییەکان دابین بکرێن. کۆبوونەوە سیستمی نوێی پەروەردەکردنی شوفێری بە دەستکەوتێکی گرنگ زانی و لێژنەکانی چاودێری پرۆسەکەی راسپارد کە هاوکار بن و چاودێری جێبەجێکردنی پرۆژەکە بکەن وەکو ئەوەی پلانی بۆ داندراوە و لە هەردوو ڕێنمایی ژمارە ١١ و ١٢ی ساڵی ٢٠٢٤ی وەزارەتی ناوخۆ باس کراوە.
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
8كاتژمێر لهمهوپێشعەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
10كاتژمێر لهمهوپێش
هەواڵی زیاتر
-
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
8كاتژمێر لهمهوپێش -
عەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
10كاتژمێر لهمهوپێش -
دووەمین کۆڕبەندی ئابورى نێودەوڵەتی دێلفی لەسلێمانی دەبەسترێت
10كاتژمێر لهمهوپێش -
مارکۆ ڕۆبیۆ: “مۆندیال بۆ ئەندامانی سوپای پاسداران قەدەغەیە”
11كاتژمێر لهمهوپێش
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
-
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
8كاتژمێر لهمهوپێش -
عەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
10كاتژمێر لهمهوپێش -
دووەمین کۆڕبەندی ئابورى نێودەوڵەتی دێلفی لەسلێمانی دەبەسترێت
10كاتژمێر لهمهوپێش
بنکۆڵکاری
-
هەولێر شاری باڵەخانە بەرزەکان بەڵام بێ ژێرخان
كانونی دووهم 5, 2022 -
بڵاوبوونەوەی ڤيديۆی سێکسی لە تۆڕەکۆمەڵايەتييەکاندا
تهمموز 6, 2021









