ئەم مانگەش بڕی هاوكارییەكەی هاوپەیمانان بۆ لیواهاوبەشەكان کەمکرایەوە

0
308

عەلی حەمەسەعید-SNN

لەگەڵ ئەوەی لە مانگەکانی ڕابردوودا ئەو بڕە پارەیەی وەك هاوكاری دەدرا بە پێشمەرگەو ئەفسەرانی لیواهاوبەشەكان زیاد لە400 هەزار دینار بوو، بەڵام چەند مانگێکە بەردەوام بڕی هاوکارییەکە کەمدەکرێتەوەو بۆ ئەم مانگەش بڕی 214 هەزار دینار دیاریکراوە لەکاتێکدا لەمانگی ڕابردوو بڕەکەی زیاتر بوو لەوەی ئەم مانگە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لەبەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم بە SNNدراون ئەوەخراوەتەڕوو، لە مانگەکانی ڕابردوو بڕی هاوکاری هاوپەیمانان کە بۆ هەر پێشمەرگەو ئەفسەرێكی سەر بە لیواهاوبەشەكان دابەشکراوە بەبێ‌ جیاوازی بڕی 432 هەزار دینار دابەشدەكرا، بەڵام دواتر بۆ313 هەزار کەمکرایەوەو بۆمانگی دووی ئەمساڵ بڕی 238هەزارو750 دینار دیاریکرا، بەڵام مانگی ڕابردوو بڕی هاوکارییەکە بۆ 216 هەزار دینار کەمکرایەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەم مانگە بڕی هاوکاری هاوپەیمانان بۆ لیواهاوبەشەکان بریتییە لە بڕی 214هەزاردینار، کە بەراورد بەمانگی ڕابردوو بڕکەی زیاتر کەمیکردووە، هۆکاری کەمبوونەوەی ئەو بڕە هاوکارییە بۆ ئەوەدەگەڕێتەوەکە ژمارەی ئەو پێشمەرگە و ئەفسەرانەی كە سود مەند دەبن لە هاوكارییەكەی هاوپەیمانان زیادییان كردووە و ژمارەیەک لە فەوج و لیوای دیکە لە هێزەکانی 70 و 80خراونەتە سەر لیواهاوبەشەکان بەوجۆرەش هەتا ژمارەی لیوا هاوبەشەکان زیاد بکات بڕی هاوکارییەکەشیان کەمدەکات.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، بڕی ئەو پارەیەی كە لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانان تەرخاندەكرێت مانگانە بڕی 25 ملیار دینارە، ئەو بڕە پارەیەش گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، بەڵكوو ئەوەی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە زیاد بوونی ژمارەی ئەو ئەفەسەر و پێشمەرگانەیە كە چوونەتە ناو لیوا هاوبەشەكان، هاوکات بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە دەستبكرێت بەدابەشكردنی بڕی ئەو هاوكارییە کە بۆهەر پێشمەرگە و ئەفسەرێکی لیواهاوبەشەكان بەبێ جیاوازی بڕی 214 هەزار دیناریان پێدەدرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this