ئەمڕۆ 34ـەمین لوتکەى عەرەبى لە بەغدا بەڕێوەدەچێت

0
409

SNN

بە ئامادەبوونی سەرۆک و سەرکردە عەرەبییەکان، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی و ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو، لەگەڵ دەیان میوانی وڵاتانی عەرەبی و یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان 34ـەمین لوتکەى عەرەبى لە بەغدا بە دروشمی(پایتەختی شارستانیەت پێشوازی لە براکانی دەکات) بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەو مەبەستەش عێراق پارەیەکی زۆری بۆ ئەو میواندارییە خەرج کردووە.

ئەمڕۆ شەممە 17ی ئایار، 34مین لوتکەی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا هەر یەکە لە د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن.

هاوکات،  مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین، حەسەن شێخ مەحمود سەرۆکی سۆماڵ، محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، لەگەڵ بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر کە وەک نوێنەری عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی ئەو وڵاتە بەشدارە، لە هەمان کاتدا ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا وەک نوێنەری ئەحمەد شەرع لەگەڵ جەعفەر حەسان، سەرۆکوەزیرانی ئوردن وەک نوێنەری شا عەبدوڵا بەشدارن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی 450 میدیای ناوخۆ و جیهانی بەشدارییان لە رووماڵکردنی گواستنەوەی زانیارییەکانی 34مین لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا دەکەن، کە چەندین میدیای کوردی تێیدا بەشدارن.

حکومەتی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی خەرجییەکی زۆری کردووە بەجۆرێک نزیکەی 600 ملیار دینار تێچووی لوتکەکە لەسەر گەنجینەی عێراق بووە، کە خەرجی رۆژانەی 250 ملیار دینارە، قیرتاوکردنی رێگای فڕۆکەخانە 100 ملیار دینارە، کڕینی قاپ و کەوچک و پێداویستییەکانی تر جگە لە خواردن 195 ملیار دینارە.

یەکەمین لوتکەی عەرەبی لە ساڵی 1976 بووە کە لەسەر بانگهێشتی شا فاروق بووە، پاشای ئەو سەردەمەی وڵاتی میسر، لەسەرەتای دامەزراندییەوە تا ئیستا لوتکەی عەرەبی 40 لوتکەی ئاسایی ئەنجام داوە و زۆربەی وڵاتانیش میوانداریی کردووە، لەوانەش (میسر 5 جار- عیراق 4 جار-مەغریب 4 جار-سعودیە 3 جار- جەزائیر 3 جار).

13 ساڵ بەر لە ئێستا سەرۆك مام جەلال وەك یەكەم كورد، سەرۆكایەتی لوتكەی عەرەبی كرد و وتارەكەشی كاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا و دەستپێشخەرییەكانی بە هەوێنی چارەسەری كێشەكانی ئەمڕۆش دادەنرێن.

سەرۆك مام جەلال جگە لەوەی لە عیراق بە “سەمام ئەمان” ناونرابوو لەلایەن ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكەش رۆڵی بەرچاوی هەبووە و توانیویەتی سەركردانی عەرەب كۆبكاتەوە.

لە 27 تا 29ـی ئاداری 2012 لوتكەی 23ی عەرەبی لە بەغداد بەڕێوەچوو و سەرۆك مام جەلال سەرۆكایەتی لوتكەكەی كرد و ئەم لوتكەیە جیاوازبوو لە لوتكەكانی دیکە كە دیموكراسیەتی عیراقی خستەڕوو بەهۆی ئەوەی كە كوردێك لوتكەكەی بەڕێوەبرد.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this