پەیامی نوێی سودانی لەبارەی مووچە و هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێم

0
197

SNN

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەخت لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ڕێگری لە بەقاچاخبردنی نەوت دەکاتەوە، هاوکات سەرسوڕمانی خۆی بۆ هێرشە درۆنییەکان راگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە23ی تەمموز، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان محەمەد شیاع سوودانی و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بڵاوکردەوە کە دوێنێ شەو ئەنجامدرا.

سوودانی ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەم دواییە کرد بۆ سەر دامەزراوە گرنگ و نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی کەرکووک و سەڵاحەدین و بە بە ئامانجگرتنی ئابووریی نیشتمانیی عێراق وەسفی کرد.

هاوکات، سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی لەوەی هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ ڕێککەوتنی سەرەتایی نێوان وەزارەتی نەوت و ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی کە لە هەرێم کاردەکەن بۆ وەبەرهێنان لە ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی کەرکووک و سەڵاحەدین.

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی بە خەزێنەی گشتی، هاوکار بووە بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە دارایی و یاساییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم.

جەختیشی لە پابەندبوونی نیشتیمانی و دەستووری حکومەت بەرامبەر بە هەموو هاووڵاتیانی عێراق کردەوە.

دەقی ناوەرۆکی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی سوودانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

سەرۆک وەزیران بەڕێز محەمەد شیاع سودانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڕێز مارکۆ ڕۆبیۆ پێگەیشت، لە میانیدا باسی پەیوەندییە دوولایەنەکان و ڕەوشی گشتی ناوچەکە کرا.

سەرۆک وەزیران جەختی لە پشتیوانی عێراق کردەوە بۆ هەوڵەکانی چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکە، و بەردەوامبوونی ڕێککەوتنەکانی ئاگربەست، و ڕاگرتنی دوژمنکاری.

بەڕێزیان ئاماژەی بە دەستدرێژییەکانی ئەم دواییە کرد کە کراوەتە سەر دامەزراوە گرنگ و نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و کەرکوک، و بەوە وەسفی کرد کە ئابووری نیشتمانی عێراقیان کردۆتە ئامانج، و جەختی کردەوە کە دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی هێرشەکان دەکەن.

بەڕێز سودانی سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی لە هاوکاتی ئەم هێرشانە لەگەڵ ڕێککەوتنی بنەماکان لە نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا ئەمریکییە وەبەرهێنەرەکان کە لە هەرێم کاردەکەن، بۆ وەبەرهێنان لە ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی لە کەرکوک و سەڵاحەدین.

پەیوەندییەکە باسی لە یاسای حەشدی شەعبی کرد، کە تێیدا بەڕێزیان ئاماژەیان بەوە کرد کە پێشکەشکردنی ئەم یاسایە بە ئەنجومەنی نوێنەران دێتە چوارچێوەی ئەو ڕێڕەوەی چاکسازیی ئەمنی کە حکومەت گرتوویەتییەبەر، و بەشێکە لە بەرنامەی حکومی کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراوە، و ئەم ڕێڕەوە پەسەندکردنی یاسای هاوشێوەی بۆ دەزگاکانی دیکەی ناو هێزە چەکدارەکانمان لەخۆگرتووە، وەک دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی، و ئەوەی کە حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی سەربازی فەرمی عێراقییە و لە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا کار دەکات.

بەڕێز سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە ڕادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو و داهاتە نا نەوتییەکان بە گەنجینەی گشتی، لە ڕێگەی بڕیاری دوایی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، و لە چوارچێوەی دەقەکانی یاسای بودجەی کارپێکراو، و بڕیاری پەیوەندیداری دادگای فیدراڵی، یارمەتیدەر بووە لە چارەسەرکردنی بەربەستە دارایی و یاساییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم، و ڕوونیکردەوە کە پابەندبوونی نیشتمانی و دەستووری حکومەت بەرامبەر بە هاووڵاتیانی عێراق، لە هەنگاوەکانیدا لە هەموو بوارەکاندا ڕەنگدەداتەوە.

بەڕێزیان دووبارە جەختی لە دیدگای ئابووری عێراق کردەوە، و گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراقی-تورکی، و ڕاگرتنی هەموو شێوازەکانی قاچاخچێتی و کارە نایاساییەکان کە سامانی نەوتی ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this