لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر غەززە چوار رۆژنامەنوسی جەزیرە کوژران

0
178

SNN

کەناڵی جەزیرە بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپەکانی غەززە لە فەلەستین دوو پەیامنێر و دوو وێنەگریان کوژراوە، یەکێک لە پەیامنێرەکانیش پێش کوژرانی وەسێتێکی نوسیووە و دەڵێت ” ئەگەر ئەم وشانەم بە دەستتان گەیشت، ئەوا بزانن ئیسرائیل لە کوشتنم و لە بێدەنگکردنی دەنگمدا سەرکەوتوو بووە.”

ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئاب، کەناڵی جەزیرە لەسەر زارى بەڕێوەبەرى کۆمەڵگەى پزیشکیى شیفا لە غەززە بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو دوو پەیامێنر و دوو وێنەگری کەناڵەکە لە یەکێک لە کەمپەکانى غەززە لە فەلەستین بە بۆردومانى سوپاى ئیسرائیل کوژراون.

هاوکات، هەردوو پەیامنێریان بەناوی ئەنەس شەریف و محەممەد قرەیقەع، لەگەڵ ئیبراهیم زاهیر و محەممەد نەوفەل، وێنەگرانى کەناڵى جەزیرە لە بۆردوومانەکەی شەوی رابردوودا لە غەززە کوژراون.

یەکێک لە پەیامنێرەکان بە ناوی ئەەس پێش کوژرانی دواین وەسێتی خۆی نوسیووە و میدیای عەرەبییەکان وەسێتەکەیان بڵاوکردووەتەوە و لە بەشێکیدا نوسراوە: ” من ئازارم بە هەموو وردەکارییەکانییەوە چەشتووە و چەندین جار تامی ژان و لەدەستدانم کردووە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هەرگیز سڵم نەکردۆتەوە لە گەیاندنی ڕاستی وەک خۆی، بەبێ زیاد و کەم و چەواشەکاری. خودا شایەدە بەسەر ئەوانەی بێدەنگ بوون و کوشتنی ئێمەیان پێ ڕەوا بوو، هەروەها بەسەر ئەوانەی هەناسەیان لەبەر بڕا و دڵیان بە پەرچ و پارچەی جەستەی منداڵ و ژنەکانمان نەجووڵا و نەیانتوانی ئەو کۆمەڵکوژییە بوەستێنن کە زیاتر لە ساڵ و نیوێکە بەرۆکی گەلەکەمانی گرتووە.”

تەواوی وەسێتەکەی ئەو پەیامنێرە:

ئەگەر ئەم وشانەم بە دەستتان گەیشت، ئەوا بزانن ئیسرائیل لە کوشتنم و لە بێدەنگکردنی دەنگمدا سەرکەوتوو بووە.

یەکەم: سڵاو و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوداتان لێ بێت.

خودا ئاگادارە کە هەموو توانای خۆمم خستەڕوو بۆ ئەوەی ببمە پاڵپشت و دەنگی گەلەکەم، هەر لەو ساتەوەی کە چاوم بە ژیاندا لە کۆڵانەکانی کەمپی جەبەلیادا هەڵهێنا. هیوا و ئاواتی من ئەوە بوو خودا تەمەنم بداتێ تا لەگەڵ خانەوادە و ئازیزانمدا بگەڕێمەوە بۆ زێدی باوباپیریمان، مەجدەلی داگیرکراو. بەڵام ویستی خودا زاڵ بوو، و فەرمانەکەشی هەر ئەوەیە کە جێبەجێ دەکرێت.

من ئازارم بە هەموو وردەکارییەکانییەوە چەشتووە و چەندین جار تامی ژان و لەدەستدانم کردووە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هەرگیز سڵم نەکردۆتەوە لە گەیاندنی ڕاستی وەک خۆی، بەبێ زیاد و کەم و چەواشەکاری. خودا شایەدە بەسەر ئەوانەی بێدەنگ بوون و کوشتنی ئێمەیان پێ ڕەوا بوو، هەروەها بەسەر ئەوانەی هەناسەیان لەبەر بڕا و دڵیان بە پەرچ و پارچەی جەستەی منداڵ و ژنەکانمان نەجووڵا و نەیانتوانی ئەو کۆمەڵکوژییە بوەستێنن کە زیاتر لە ساڵ و نیوێکە بەرۆکی گەلەکەمانی گرتووە.

فەڵەستینتان پێ دەسپێرم؛ گەوهەری تاجی ئوممەت و لێدانی دڵی هەموو ئازادیخوازێکی جیهان.

گەلەکەم و ڕۆڵە گەنج و ستەملێکراوەکانیم پێ دەسپێرن؛ ئەوانەی مۆڵەتی ئەوەیان پێنەدرا خەون ببینن و لە ئارامی و ئاسایشدا بژین.

جەستە پاکەکانیان لەژێر هەزاران تۆن بۆمب و مووشەکی ئیسرائیلیدا وردوخاش کران و پەرچەکانیان بەسەر دیوارەکاندا بڵاوبوونەوە.

وەسیەتتان بۆ دەکەم، ڕێگە مەدەن کۆت و بەندەکان بێدەنگتان بکەن و سنوورەکان ئیفلیجتان بکەن. ببنە پردێک بەرەو ڕزگاریی نیشتمان و گەلەکەی، تا خۆری شکۆ و ئازادی بەسەر خاکە داگیرکراوەکەماندا هەڵدێت.

خانەوادەکەم بە ئێوە دەسپێرم.

گلێنەی چاوم، شەم-ی کچە شیرینەکەم، کە هێشتا وەک خەونم پێی دەبینی گەورە نەبووە و تێر چاوم پێنەکەوتووە.

سەڵاح-ی کوڕە ئازیزەکەم، کە هیواخواز بووم ببمە پاڵپشت و هاوڕێی تا پشتئەستوور دەبێت، تا بتوانێت باری من سووک بکات و ئەرکەکەم تەواو بکات.

دایکە خۆشەویستەکەم، کە نزاکانی ئەو بەرەکەتی خستە ڕێگەمەوە و وایکرد بگەینە ئێرە؛ نزاکانی ئەو قەڵا و ڕووناکیی من بوون. لە خودا دەپاڕێمەوە دڵی ئارام بکات و لە بری من، گەورەترین پاداشتی بداتەوە.

هەروەها وەسیەتی خێر بۆ هاوڕێی تەمەنم، هاوسەرە ئازیزەکەم، ئوم سەڵاح “بەیان” دەکەم. جەنگ بۆ ڕۆژان و مانگانێکی دوور و درێژ لێکی دابڕین، بەڵام ئەو لەسەر پەیمانەکەی مایەوە؛ وەک چڵە زەیتوونێکی نەچەماوە، سەبوور و ڕازی بوو. بەوپەڕی هێز و باوەڕەوە، لە غیابی مندا ئەمانەتەکەی پاراست. تکاتان لێدەکەم لە دوای خودای گەورە، ئێوە لە پشتی بن و یارمەتیدەری بن.

ئەگەر مردم، ئەوا لەسەر بنەماکانی خۆم بە جێگیری دەمرم. خودا دەکەمە شایەد کە من بە قەدەری ئەو ڕازیم، تامەزرۆی دیداری ئەوم، و دڵنیام لەوەی کە ئەوەی لای خودایە، باشتر و بەردەوامترە.

خودایە لە ڕیزی شەهیداندا وەرمبگرە، لە گوناهی ڕابردوو و داهاتووم خۆشبە، و خوێنەکەم بکە بەو نوورەی کە ڕێگای ئازادی بۆ گەل و نیشتمانم ڕووناک دەکاتەوە.

لە هەر کەم و کورتییەکم بمبوورن، و دوعای خێرم بۆ بکەن، چونکە من پەیمانم پاراست، نە گۆڕام و نە پاشگەز بوومەوە.

غەززە لەیاد مەکەن…

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this