وادەی خرجکردنی مووچەی مانگی 8 ئاشکرا کرا

0
240

SNN-

ئامانج رەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانی هەرێمى کوردستان رایگەیاند، هەفتەى داهاتوو بڕیارى خەرجکردنى مووچەى مانگى 8 دەدرێت و لەلایەن هەردوو حکومەتیشەوە پابەندى دارایى و نەوتى هەیە، خۆشحاڵی خۆى دەربڕى کە رێککەوتنە سێقۆڵىییەکەى نەوت “بەشێوەیەکى زۆر باش” بەڕێوەدەچێت.

ئامانج رەحیم، لە لێدوانێکیدا لەسەر چەند پرسێک قسەیکرد و لە بارەى مووچەى مانگى 8ەوە، وتى “ئەوەى بە ئێمە گەیشتووە وابڕیارە لە هەفتەى داهاتوو بەگوێرەى ئەو گفتوگۆیانەى لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق کراوە بڕیارى لەسەر بدرێت”.

رێککەوتنە سێقۆڵییەکە بەشێوەیەکى زۆر باش بەڕێوەدەچێت
رۆژانە 195 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەى جەیهان دەکرێت

لەبارەى رێککەوتنە نەوتییەکەوە ئاماژەى بەوەشکرد، بەگوێرەى وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان و وەزیرى نەوتى عێراق و کۆمپانیاى سۆمۆ، هەرێمى کوردستان 195 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە دەنێرێت بۆ بەندەرى جەیهان، وتى “تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان وەرگیراوە و لە بازاڕى جیهانى فرۆشراوە و داهاتەکەشى چووەتەوە بۆ حکومەتى فیدراڵى”.

روونیکردەوە، ناردنى مووچە وابەستەیە بەرێککەوتنى نەوتى کە بە باشى بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ رێککەوتن لەبارەى داهاتى نانەوتى، تاوەکو دەگەین بەرێککەوتنێکى گشتگیر، هەرێمى کوردستان ئامادەى بۆ رادەستکردنى 120 ملیار دینارەکە دەربڕیوە”.

وتیشى، “هەناردەکردنەوەى نەوت یەکێک بووە لە لەمپەرەکان و یاخود پاساوەکان کە هەمیشە حکومەتى فیدراڵى بۆ نەناردنى مووچە بەکاریهێناوە، ئێستا ئەو بیانووە نەماوە.”

پابەندین بە ڕادەستکردنى 120 ملیار لە داهاتى نانەوت

لەبارەى داهاتى نانەوتییەوە، ئامانج رەحیم ئاشکرایکرد، لە دوا کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران نامەیەک کە واژۆى سەرۆکوەزیرانى لەسەرە ئاڕاستەى حکومەتى فیدراڵى کراوە و تێیدا پابەندییەکانى هەرێمى کوردستانى بۆ داهاتى نانەوتى دووپاتکراوەتەوە. وتیشى “لە مانگى تەمموزى ساڵى رابردووشەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان 50%ـى رەسمى گومرگرى و باجى ناردووە بۆ حکومەتى فیدراڵى و لە سێ مانگى رابردووشدا 120 ملیارى ناردووە”.

هەرێمی کوردستان پابەندی نەوتی جێبەجێکردووە

سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران باسى هەوڵى وەزیرە کوردەکان لە بەغدا کرد و وتی “لە دوایین پێشهاتدا و لە دواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، هەریەک لە وەزیرى داد، وەزیرى دەرەوە و وەزیرى ئاوەدانکردنەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى کۆبوونەتەوە و بە بایەخەوە باسلەوەکراوە هەرێمى کوردستان پابەندى نەوتى جێبەجێکردووە.

وتیشى “گفتوگۆش لە بارەى پێشنیازەکەى ئەنجوومەنى وەزیرانەوە کراوە، کە هەرێمى کوردستان بەردەوام بێت لەو پابەندییەى کە لەم سێ مانگەى دواى جێبەجێکراوە، تاوەکو هەردوولا دەگەنە رێککەوتننامەیەکى هاوبەش”.

ئامانج رەحیم، بۆچوونى وایە حکومەتى فیدراڵیش پێى باشترە کە رێککەوتننامەیەکى حکومى هاوبەش هەبێت لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ، داهاتى نانەوتى هاوشێوەى داهاتى نەوتى چارەسەر بکرێت. گوتیشى “ئەگەریش ئەو دوو بابەتە چارەسەربکرێن هیچ پاساوێک نامێنێت لەلایەن حکومەتى فیدراڵى بۆئەوەى مووچە دوابخات”.

بناغەی رێککەوتنی سێقۆڵی کاتی نییە و پشتبەست بە هەمواری یاسای بودجەیە

لە بارەى ئەو دەنگۆیانەى باس لەوەدەکەن، رێککەوتنە سێقۆڵییەکە، کاتییە، ئامانج رەحیم، وتى “بناغەى رێککەوتننامەى سێقۆڵى هەموارى یاساى بودجەیە کە ماددەکانى 11، 12 و 13 لە یاساکە تایبەتە بە هەرێمى کوردستان، ئەمساڵ ماددەى 12 هەموارکرایەوە و شەش دۆلار کرا بە 16 دۆلار کە بەشێوە سولفە بدرێت بە کۆمپانیاکان و لەبەرامبەریشدا هەرێمى کوردستان نەوتەکە رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ بکات.

هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکاندا دەکات

لەوبارەیەوە روونکردنەوەى زیاتریدا و وتى “هەرێمى کوردستان هەموو گرێبەستە نەوتییەکانى رادەستى کۆمپانیایەکى راوێژکارى دەکات کە لە هەمانکاتدا پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانیش دەکات و دواتر بڕیار دەدات لەسەر ئەو 16 دۆلارە کە تاوەکو چەند گونجاوە لەگەڵ شایستەى کۆمپانیا نەوتییەکان”.

ئاماژەى بەوەشکرد، بڕیاریشە لە ماوەى سێ مانگدا کۆمپانیاکە کارەکانى خۆى تەواو بکات و ئەوەش قۆناغێکى راگوزەرە، لە دواى تەواوبوونى ئەو رێکارانە کە بەگوێرەى یاساى بودجە هەرسێ لایەن پابەند دەکات بەرێککەوتنەکە و پێدەنێتە قۆناغێکى جێگیرترەوە.

جەختیلەوەشکردەوە، رێککەوتنە سێقۆڵییەکە کاتیى نییە و هیچ ئامانجێکى کات بەڕێکردنى لەپشت نییە، نە لە رووى یاساییەوە نە لە رووى هونەرییەوە کاتى نییە، بەڵام بە بۆچوونى ئەو، “چارەسەرى کۆنکرێتى تێپەڕاندنى یاساى نەوت و گاز و یاساى دابەشکردنى داهاتە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this